دیجیتاڵ
بە بەشداریی گرووپێکی 300 کەسی لە ژەنیار و فێرخوازانی میوزیک، پێنجەمین فێستیڤاڵی میوزیک تایبەت بە رێزلێنان لە مامۆستا سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی لە پارکی منداڵانی شاری سنە بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیێندراوی شارەوانیی سنە، فێستیڤاڵەکە پێشوازییەکی بەرچاوی هاونیشتمانییانی لێکەوتووەتەوە و زیاتر لە 1500 کەس تێیدا بەشداربوون.
فەرشید سەڵەواتی، سەرۆکی بەشی کولتووری، کۆمەڵایەتی و وەرزشیی شارەوانیی سنە رایگەیاند، "ئەم پێشوازییە نیشاندەری توانای بەرزی میوزیک، کولتوور و هونەرە لە شاری سنە و دەرخەری حەز و خولیای هاونیشتمانییانە بۆ بەرنامە کولتووری و هونەرییەکان."
فەرشید سەڵەواتی گوتی، بەردەوامیی چالاکی لەم شێوەیە، بە ئامانجی رێزگرتن لە گەورەپیاوان و ناودارانی میوزیک، ناساندنی توانا کولتوورییەکانی سنە و جێبەجێکردنی پابەندییەکانی شارەکە وەک "شاری داهێنەری میوزیکی جیهان"، لە کارە لەپێشینەکانی ناوەندی کولتووری شارەوانی سنە دەبێت.
سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی گۆرانیبێژ و مەقامبێژێکی گەورەی کورد بووە. ئەو هاونیشتمانییە لە ساڵی 1882 لە گوندی سەڵوەتاوای سەر بە شاری سنە لەدایکبوو و 4ی شوباتی 1937 لە تەمەنی 55 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
سەید عەلی ئەسغەر بە یەکێک لە پێشەنگ و مامۆستایانی مەقامی کوردی دادەنرێ کە لە گۆرانییەکانیدا زیاتر سوودی لە شیعری شاعیرانی گەورەی وەک مەولەوی و وەفایی بینیوە.
شاری سنە لە 30ـی ئۆکتۆبەری 2019 لەلایەن یونسکۆوە وەک "شاری داهێنەری میوزیک"ی جیهان تۆمار کرا.




