دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا دوایین دەرفەت بداتە هاوبەشانی کارەبا بۆ ئەوەی سوودمەندبن لە داشکاندنی 50% بۆ دانەوەی قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی.
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، ئەو هاوبەشانەی قەرزی پێش پرۆژەی رووناکییان لایە، لەو وادەیەدا قەرزەکانیان نەدەنەوە، خۆکارانە سیستمەکە قەرزەکانیان دەخاتە سەر قیستی مانگانە بەبێ ئەوەی داشکاندنی بۆ بکرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای تەواوبوونی ئەو وادەیە هەر قەرزێکی پیش رووناکی راستەوخۆ دەکرێتە قیستی مانگانە، دەبێت لەگەڵ پسوولەی مانگانەی کارەبای رووناکی دا بدرێت و رێکاری ماوەی پارەدانی لە 50 رۆژدا لەسەر جێبەجێ دەکرێت.
داشکاندنی قەرزی پێش رووناکی بە هەمان میکانیزمی پێشوو دەبێت: - %50 داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی. - %25 داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی، میری، جگە لەو هاوبەشانەی فیدەری تایبەت بە خۆیان هەیە. - ئەم داشکاندنە جێبەجێ دەکرێت تەنیا ئەگەر هاوبەشەکە بڕی تەواوی قەرزی داشکێنراو بەیەک جار بدات لە رێگەی ئی-پسوولەوە یاخود هۆبەکانی فرۆشیاری وزە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی حکومەت دا هاتووە، لە کۆی دوو ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 800 هەزار هاوبەش هێشتا قەرزی کۆنی پێش رووناکییان لەسەر ماوە.




