دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین وایکردووە شوفێران لە دهۆک ئۆتۆمبێلەکانیان بگۆڕن بۆ سیستمی غاز، بەجۆرێک رۆژانە نزیکەی 15 ئۆتۆمبێل دەکرێنە غاز و خواست لەسەری 60% زیادیکردووە
زیاتر لە 23 ئۆتۆمبێل لە سەرەی گۆڕینی سیستمی کارکردنی ئۆتۆمبێلەکانیانن لە بەنزینەوە بۆ غاز. سەمیر یەکێکە لەو شوفێرانەی کە چاوەڕێی سەرەیە.
سەمیر محەممەد، شوفێری تاکسی، بە تۆڕی میدیاییی گوت: "ناوی خۆمم تۆمار کردووە بیکەمە غاز، چونکە بەنزین گرانە و سەرەی وەرگرتنیشی دوورودرێژە. ئەو بەنزینەی پێنج رۆژ جارێک وەریدەگرین، بەشی دوو رۆژ ناکات، بۆیە ناچارین بیکەینە غاز."
ئەیمەن رەمەزان، وەستای دروستکردنی سیستمی غاز، لە ساڵی 2018ـەوە ئەو کارە دەکات و مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. بە گوتەی ئەو، سیستمەکە زۆر سەلامەتە.
ئەیمەن رەمەزان دەڵێت: "سیستمەکە زۆر پارێزراوە، قفڵێکی لێرەیە و یەکێکی دیکەی لە شوێنێکی دیکەیە. ئەگەر هەر دزەکردنێک رووبدات، خۆی دادەخرێت."
لە دهۆک زیاتر لە 11 هەزار ئۆتۆمبێل بە سیستمی غاز کاردەکەن.
ئەو وەستایە ئاماژەی بەوەش کرد، "فیت پەمپی تێدا نییە، ئێمە فیت پەمپی ئۆتۆمبێلەکە وا لێدەکەین خۆی کار بکات بۆ ئەوەی نەسوتێت."
ئێستا سێ جۆر سیستمی غاز لە بازاڕەکاندا هەن، کە بەپێی کوالیتیی ماددە بەکارهاتووەکان نرخەکانیان جیاوازە. گرانبوونی نرخی بەنزین و چاوەڕوانیی زۆر لە سەرەی بەنزینخانەکان، وایکردووە خەڵک، بەتایبەتی شوفێرانی تاکسی و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، روو لەم سیستمە بکەن.




