دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی شەلەمچەی لەگەڵ ئێران دا وەک رێکارێکی ئەمنیی خۆپارێزی، ئەوەش دوای هێرشە درۆنییەکەی سەر هێڵی سەرەکیی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوای سعودیە هات کە ریاز رایگەیاند، لەنێو خاکی عێراقەوە ئاراستە کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیاری داخستنەکە تەنیا شەلەمچەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو دەسەڵاتدارانی عێراق رێکاری هاوشێوەیان لە دەروازە سنوورییەکانی دیکەی وەک ئەلشەیب و مەندەلی لەگەڵ ئێران گرتووەتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی جووڵە سنوورییەکان.
دەروازەی سنووریی شەلەمچە، کە دەکەوێتە نزیک پارێزگای بەسرە، یەکێک لە سەرەکیترین دەروازە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە. رۆژانە بە هەزاران گەشتیار و زیارەتکاری ئایینی لەگەڵ بڕێکی زۆر لە ئاڵوگۆڕی کەلوپەل و بازرگانی لەو دەروازەیەوە هاتووچۆ دەکەن.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە حکومەتی عێراق بە فەرمی دووپاتیکردەوە رێگە نادات خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەر بەهۆی ئەمەوە، فەرماندەی بەرپرسی پارێزگای میسانی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.




