بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە 100 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە 100 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بە بەهێزی ماوەتەوە و نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە سەرووی 100 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت. هۆکارەکەشی توندبوونەوەی جەنگی ئێرانە کە بووەتە جەنگی کەشتییەکان. نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 101 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و بە 96 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخەکانی نەوت لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 30٪ بەرزبوونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا جێبەجێنەکرا و سەرەتای ئەم مانگە هێرشەکانی هەردوو لا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی یەکدی دەستیان پێکردەوە.

دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، 5 کەشتیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، ئێران لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا رایگەیاندووە کە هێرشی کردووەتە سەر 10 کەشتی و سوپای پاسدارانیش جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکانیان توندتر دەکەنەوە.

دانیەڵ هاینێس، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی (ئەی ئێن زێد) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "توندبوونەوەی هێرشەکانی ئێران و ئەمریکا بەو واتایەیە کە دابینکردنی نەوت لە کەنداو پەکی دەکەوێت و کەمدەبێتەوە."

هاوکات حووسییەکانی سەر بە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر سعودیە دەستپێکردووەتەوە و بوونەتە مەترسی بۆ رێڕۆی گواستنەوەی نەوت لە دەریای سوور.

کریستۆفەر وۆنگ، شارەزای بازاڕی نەوت لە بانکی (OCBC) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بەردەوامیی هێرشەکان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی گواستنەوەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە کەم ببێتەوە و نرخەکانی نەوت بەرزببنەوە."

بەپێی ئامارەکانی ریستاد ئینێرجی کە کۆمپانیایەکی راوێژکارییە لە بواری وزەدا، گواستنەوەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دابەزیوە بۆ رۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا هەفتەیەک بەر لەوەی هێرشەکان دەستپێبکەنەوە، 9 تاوەکو 10 ملیۆن بەرمیل بووە.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان