دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە یانەی ریال ڤایادۆلیدی ئیسپانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، منداڵێکی مەغریبی لە ژێر پاسی یانەکەیاندا خۆی شاردووەتەوە و لە شاری سیوتای باکووری ئەفریقیاوە خۆی گەیاندووەتە نێو خاکی سەرەکیی ئیسپانیا.
بە گوتەی سەرچاوەکان لە یانەکە، یاریزانانی ریال ڤایادۆلید دوای ئەوەی پاسەکەیان لە وێستگەیەکی خزمەتگوزاری راوەستاوە، لە نزیک ئەکسڵی تایەی پاسەکەدا ئەو منداڵەیان دۆزیوەتەوە کە خۆی شاردبووەوە.
یانەی ریال ڤایادۆلید، دوای یەکسانبوونی 1-1 لە یارییەکی خولی پلە دووی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی سیوتا، پاسەکەیان لە رێگەی پاپۆڕێکی گەورەوە بە تەنگەی جەبەل تاریقدا گوێزرایەوە بەرەو خاکی ئیسپانیا.
کاتێک بە رێگەوە بوون، لە ژێر پاسەکەیاندا گوێیان لە دەنگێکی نامۆ ببوو.
سەرچاوەکانی ریال ڤایادۆلید باسیان لەوە کرد، ئەو منداڵە لە تەواوی ماوەی پەڕینەوەی پاپۆڕەکە بە نێو دەریادا و بۆ ماوەی زیاتر لە 100 کیلۆمەتر بە رێگەی وشکانیدا لە ژێر پاسەکەدا بە هەڵواسراوی مابووەوە، پێش ئەوەی دواجار بە دەنگێکی بەرز هاواری هانا و داوای یارمەتی بکات.
ئەندامانی یانەکە دەستبەجێ ئاو، خۆراک و جلوبەرگیان پێدا و دواتر رادەستی پۆلیسیان کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئیسپانیا لەژێر گوشارێکی زۆردایە بۆ سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی، بەتایبەت دوای ئەو قەیرانەی لە کۆتایی مانگی تەممووز لە شاری سیوتا روویدا، کاتێک زیاتر لە 70 هەزار کەس لە رێگەی مەلەکردن بە دەوری پەرژینی سنووریدا هەوڵیاندا بچنە نێو ئەو ناوچەیەی سەر بە ئیسپانیا. زۆربەی ئەو کۆچبەرانە گەڕێندرانەوە، بەڵام چەندین هەزار کەسیان لە شارەکە مانەوە.
دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەڵێن، بەهۆی لێشاوی کۆچبەرانەوە دۆخی گوزەران لە سیوتا رووی لە خراپبوون کردووە، ئەمەش ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی دانیشتووانی لێکەوتووەتەوە.




