انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: گفتوگۆکانمان لەگەڵ چین سەرکەوتوو بوون

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: گفتوگۆکانمان لەگەڵ چین سەرکەوتوو بوون

دیجیتاڵ

شاندێکی باڵای چین و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکا لە نیویۆرک کۆبوونەوەیەکی هەشت کاژێرییان لەبارەی دۆسیەکانی بازرگانی و تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد کرد. وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گفتوگۆکانی بە "زۆر سەرکەوتوو"ناوبرد و گوتی، زەوینە بۆ رێککەوتنی گەورە لە دیداری لووتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە 21-9-2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەڤانان گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ هی لیفێنگ، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین تاوتوێی دانانی میکانیزمی هاوبەشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد کردووە.

گفتوگۆ لەبارەی ژیریی دەستکرد سکۆت بێسێنت روونیکردەوە واشنتن پێشنیازی دانانی میکانیزمێکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی و مەترسییە ئەمنییەکان کردووە بە ناوی "دایەلۆگی ژیریی دەستکردی نێوان ئەمریکا و چین."

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی: "لەگەڵ لایەنی چینیدا بەشدارییەکی زۆر سەرکەوتوومان هەبوو و رێککەوتین لەسەر ئەوەی دووبارە کۆببینەوە."هەروەها هەردوولا لە کۆبوونەوەی تایبەت و دووقۆڵیدا باسیان لە گرنگیی شەفافییەت لەنێوان هەردوو زلهێزەکەدا کرد.

دۆسیەی بازرگانی و ئاگربەستی گومرگی لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا جەیمیسن گریر، بەرپرسی باڵای بازرگانیی ئەمریکا بەشدار بووە و باس لەوە کراوە کە پێویستە هەردوو وڵات بتوانن پێکەوە کاربکەن تاوەکو گرژییە ئابوورییەکان کەمبکەنەوە.

هەردوولا تاوتوێی درێژکردنەوەی ئاگربەستی بازرگانیی نێوانیان و دانانی بەربەستی پارێزەریان بۆ تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد کردووە. لایەنی ئەمریکی هەوڵی داوە دڵنیایی لە بەردەوامیی هاوردەکردنی کانزا دەگمەنەکان بەدەستبهێنێت کە بۆ کارگەکانی ئەمریکا بایەخێکی چارەنووسسازیان هەیە.

لووتکەی ترەمپ و شی جینپینگ دیدارەکەی نیویۆرک دەستپێکێکە بۆ کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی رۆژی پێنجشەممەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ لە واشنتن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە فرانس پرێسی راگەیاند، رەنگە کۆبوونەوە تەکنیکی و کارگێڕییەکان بەردەوام بن، بەتایبەت لەبارەی پابەندبوونی بەیژینگ بە کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا کە لە دانوستاندنەکانی پێشوودا بەڵێنی لەسەر درابوو.

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة