انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ترەمپ: رێگە نادەم گەشەکردنی ژیریی دەستکرد خاو بکرێتەوە

ترەمپ: رێگە نادەم گەشەکردنی ژیریی دەستکرد خاو بکرێتەوە

دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ هێرشی تووندی کردە سەر رەخنەگرانی ژیریی دەستکرد و ناوەندەکانی زانیاری و رایگەیاند، رێگە بە "لەناوبردنی"ئەم پیشەسازییە نادات و پێکهێنانی هێزێکی نوێی حکومی بە ناوی (هێزی ژیریی دەستکرد) راگەیاند.

رۆژی شەممە 19-09-2026 ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، لیبراڵەکان دەیانەوێت ژیریی دەستکرد لەناوببەن، گوتیشی: "من وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بێدەنگی دانانیشم و رێگە نادەم ئەمە رووبدات. ئێمە بە هیچ شێوەیەک رێگری لە گەشەی ئەم پیشەسازییە سەرنجڕاکێشە ناکەین و خاوی ناکەینەوە، بەڵکو گرنگیی پێدەدەین، هاوکاریی دەکەین و چاودێریشی دەکەین لە کاتی گەشەکردنیدا."

سەرۆکی ئەمریکا بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو رایگەیاند، هێزێکی تایبەت بە ناوی (هێزی ژیریی دەستکرد) دروست دەکات بۆ ئەوەی بەدوای لایەنە "خراپەکاندا"بگەڕێت، هەروەها بەمزووانە کەسێک وەک هاوئاهەنگیکار یان بەرپرسی باڵای دۆسیەی ژیریی دەستکرد (Czar) دەستنیشان دەکات.

داکۆکیکردنە تووندەکەی ترەمپ لە ژیریی دەستکرد لە کاتێکدایە، راپرسییەکان دەریدەخەن زۆربەی ئەمریکییەکان دژی دروستکردنی ئەو ناوەندە گەورانەی زانیارین کە وزەیەکی زۆر بەکاردەهێنن و بزوێنەری سەرەکیی ژیریی دەستکردن. 

هاوکات هۆشداریی زۆریش لەلایەن سەرکردەکانی بواری تەکنەلۆژیاوە دەدرێت کە گەشەکردنی خێرای ئەم بوارە دەکرێت لە کۆنترۆڵی مرۆڤ دەربچێت.

جەیکۆب کۆکسن، توێژەری پێشووی ژیریی دەستکرد لە کۆمپانیای ئەنترۆپیک (Anthropic) لەمبارەیەوە هۆشداری دابوو و گوتبووی، ئەو کەسانەی ئەم تەکنەلۆژیایە دروست دەکەن باوەڕیان وایە "تاوەکو کۆتایی ئەم دەیە هەموومان لەناوببات."بەڵام ترەمپ ئەو قسانەی رەتکردەوە و بە "چەواشەکاری"وەسفیکرد، هاوکات گوتی ئەمریکا ناتوانێت لە رکابەریی تەکنەلۆژیدا لە بەرامبەر چین بدۆڕێت و بۆ ئەمەش پێویست بە سەرۆکێکی بەهێز و زیرەک دەکات.

لە پۆستێکی دیکەدا، ترەمپ پرسیاری لە بەکارهێنەران کرد، ئایا زاراوەی (ژیریی دەستکرد) دروستە یان نا، هاوکات سێ پێشنیازی وەک راپرسی خستەڕوو بۆ ئەوەی خەڵک دەنگی لەسەر بدەن: ژیریی باڵاتر (Superior Intelligence)، ئەوپەڕی ژیری (Extreme Intelligence)، باڵاترین ژیری (Supreme Intelligence).

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة