انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

راپۆرتێک: هەڵەیەکی ژیریی دەستکرد خەریکبوو ئەمریکا و چین بەرەو جەنگ ببات

راپۆرتێک: هەڵەیەکی ژیریی دەستکرد خەریکبوو ئەمریکا و چین بەرەو جەنگ ببات

دیجیتاڵ

راپۆرتێکی هەواڵگری کە بە ژیریی دەستکرد ئامادە کرابوو، لە بەهاری ئەم ساڵدا و لە گەرمەی جەنگی ئێران، هێزەکانی ئەمریکای خستە ئامادەباشیی تەواو بۆ ئەنجامدانی هێرش و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری چین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گوایە خەریکە کەرەستەى چەکى ئەتۆمی دەگوازێتەوە. سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ (سى ئێن ئێن)ى ئەمریکی دواون و ئاشکرایان کردووە، سوپای ئەمریکا جووڵەی بە فڕۆکەی جەنگی کرد و هێزە تایبەتە چەکدارەکانیشی ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی بچنە سەر کەشتییەکە و دەستی بەسەردا بگرن، بەڵام تەنیا کەمێک پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە، بەرپرسانی باڵا بەدواداچوونیان بۆ راپۆرتەکە کرد و بۆیان دەرکەوت زانیارییەکان بە تەواوی ناڕاست بوون و هەڵبەستراون.

بەپێی زانیارییەکان، شیکەرەوەیەکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان بۆ دەستنیشانکردنی باری کەشتییەکە پشتی بە پرۆگرامێکی گفتوگۆی ژیریی دەستکرد (چاتبۆت) بەستووە. سیستمەکە زانیارییەکانی ئینتەرنێت و داتا نهێنییە هەواڵگرییەکانی تێکەڵ کردووە و بە هەڵە وا لێکیداوەتەوە باری کەشتییەکە پێکهاتەی چەکی ئەتۆمییە؛ دواتریش شیکەرەوەکە هەر بە ژیریی دەستکرد راپۆرتە فەرمییەکەی داڕشتووە. بەرپرسان جەخت دەکەنەوە، ئەگەر هەڵەکە ئاشکرا نەکرابایە، هێرشکردنە سەر کەشتییەکی چین دەکرا راستەوخۆ ببێتە هۆی هەڵگیرسانی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان ئەو دوو زلهێزەدا.

ئەمە لە کاتێکدایە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم ساڵدا ستراتیژییەکی نوێی بۆ خێراکردنی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد راگەیاند، بە ئامانجی کەمکردنەوەی رۆتین و خستنەبەردەستی ئەو تەکنەلۆژیایە بۆ سێ ملیۆن کارمەند و سەربازی وەزارەتەکەی. واشنتن پێداگری دەکات، دەبێت لە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایەدا لەپێش رکابەرەکانی و بەتایبەت لەپێش چین بمێنێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی هەواڵگری نیگەرانن لەوەی پڕۆژەی بڵاوکردنەوەی ژیریی دەستکرد لە سوپای ئەمریکادا ناڕێکخراوە و هیچ ستانداردێکی یەکگرتوو بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانە نییە کە ئەم سیستمانە دروستی دەکەن.

لە 2026ـدا ململانێی سەربازی و ئابووریی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ و ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەوتووەتە ژێر چاودێرییەکی چڕی هێزەکانی هاوپەیمانان. هاوکات پشتبەستنی سوپای ئەمریکا بە ژیریی دەستکرد لە دیاریکردنی ئامانج و چاودێریی جموجۆڵی کەشتیوانی لە کاتی قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا، گفتوگۆیەکی توندی لە ناوخۆی واشنتن لەسەر دەرەنجامە نەخوازراوەکانی ئەو تەکنەلۆژیایە دروستکردووە.

 

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة