انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ئەڵمانیا هاووڵاتییەکی عێراقی بە تۆمەتی داڕشتنی پلانی "هێرشی تیرۆریستی"دەستگیردەکات

ئەڵمانیا هاووڵاتییەکی عێراقی بە تۆمەتی داڕشتنی پلانی "هێرشی تیرۆریستی"دەستگیردەکات

دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ئەڵمانیا دەستگیرکردنی گەنجێکی تەمەن 24 ساڵی عێراقییان بە ناوی گەیلان راگەیاند، ئەوەش بە تۆمەتی داڕشتنی پلان بۆ ئەنجامدانی هێرشی "چەکداریی تیرۆریستی"بۆسەر ئەو کەسانەی بە "بێباوەڕ"ناوی بردوون. بە گوێرەی پۆلیس، کەنیسەیەک لە شاری بریمەن یەکەمین ئامانجی بووە.

داواکاری گشتیی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەڵێ، تۆمەتبارەکە هەڵگری بیرۆکەی "توندڕەویی داعشە"و لە بەهاری 2025ـەوە سەرقاڵی ئامادەکاری بووە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرش لە ئەڵمانیا. 

لێکۆڵەران دەڵێن، پلانەکە تەنیا لە چوارچێوەی نیازی تاکەکەسی نەمابووەوە، بەڵکو تۆمەتبار دەستی بە چەک گەیشتبوو و چاودێریی کەنیسەیەکی لە شاری بریمەن (لە باکووری رۆژئاوای ئەڵمانیا) کردووە وەک یەکەمین ئامانجی پلانەکەی.

هەوڵ بۆ دروستکردنی شانەی چەکداری و دەستکەوتنی چەک بەپێی زانیارییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ئەڵمانیا، تۆمەتبار چەکی دەستکەوتبوو و بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشەکەش چاودێریی مەیدانی بۆ کەنیسەکە کردبوو، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ناوی کەنیسەکە و کاتی دیاریکراوی هێرشەکە بە فەرمی ئاشکرا نەکراون.

لە راگەیێندراوی پۆلیسی ئەڵمانیادا هاتووە، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە گەیلان هەوڵی داوە کەسانی دیکە بباتە نێو "رێکخراوێکی تیرۆریستی"و توانیویەتی کەسێک رازی بکات بچێتە نێو پلانەکەیەوە کە تاوەکو ئێستا ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی ئەندامی زیاتر شکستیان هێنابوو.

داواکاری گشتی تۆمەتی ئامادەکاری بۆ کردەی تووندوتیژیی مەترسیدار بۆسەر ئاسایشی دەوڵەت و سەرپێچیی پەیوەست بە چەک ئاراستە کردووە.

ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردن و رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان تۆمەتبار رۆژی پێنجشەممە لە ناوچەی بارنیم سەر بە هەرێمی براندنبێرگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی پۆلیسی تاوانی فیدراڵی و پۆلیسی فیدراڵیدا دەستگیرکرا.

دوای دەستگیرکردنی، گەیلان برایە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای دادی فیدراڵی، کە فەرمانی دەستبەسەرکردنی کاتی بۆ دەرکرد. 

دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لێکۆڵینەوەکان بە کراوەیی ماونەتەوە و سەرنجی سەرەکی لەسەر دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسەیە کە بەپێی داواکاری گشتی رازی ببوو بەشداری لە "پلانە تیرۆریستییەکەدا"بکات.

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة