انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

هەڵبژاردنی پەرلەمانی رووسیا بەڕێوەدەچێ و 111 ملیۆن هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە

هەڵبژاردنی پەرلەمانی رووسیا بەڕێوەدەچێ و 111 ملیۆن هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە

دیجیتاڵ

نزیکەی 111 ملیۆن دەنگدەر لە سەرانسەری رووسیا و ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراینا دەتوانن دەنگ بدەن بۆ هەڵبژاردنی 450 ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکەیان (دووما)، کە تێیدا لە یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە لە ساڵی 2022، 10 پارتی سیاسی لە 11 ناوچەی جیاوازدا لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکان رکابەری دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی 18-9-2026، دەنگدانی گشتی لە سەرانسەری فیدراسیۆنی رووسیا و ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی ئۆکراینا دەستیپێکرد و تاوەکو کاژێر 21:00 بە کاتی هەولێر لە رۆژی یەکشەممە (20ـی ئەیلوول) بەردەوام دەبێ. 

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی دەنگدان، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، شەوی رابردوو ئۆکراینا بە 350 درۆن هێرشی کردووەتە سەر سنووری مۆسکۆ و زۆربەیان لە ئاسماندا تێکشکێنراون.

کێبڕکێی پارتە گەورەکانی نێو پەرلەمان سەرەڕای ئەوەی سەرەتا 17 پارت لەسەر ئاستی وڵاتدا تۆمارکرابوون، بەڵام تەنیا 10 پارت توانییان ناوی خۆیان لەسەر پەڕەی دەنگدان جێگیر بکەن.

پێنج لەوانە بە گەورەکانی نێو پەرلەمان دادەنرێن کە لە خولی پێشوودا نوێنەرایەتییان هەبووە؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە پارتی (رووسیای یەکگرتوو) کە حیزبی دەسەڵاتداری باڵادەستە بەسەر کایەی سیاسیی وڵاتەکەدا، لەگەڵ چوار پارتی دیکە کە بریتین لە: کۆمۆنیستی فیدراسیۆنی رووسیا، لیبراڵ دیموکرات، رووسیای دادپەروەر - لەپێناو راستی و گەلی نوێ، کە سەرجەمیان بە شێوەیەکی گشتی پاڵپشتی لە سیاسەتەکانی کرێملین و جەنگی ئۆکراینا دەکەن.

پارتە بچووکەکان و دوورخستنەوەی یابلۆکۆ پێنج پارتەکەی دیکەی سەر پەڕەی دەنگدان، بچووکەکانی دەرەوەی پەرلەمانن، کە بریتین لە: نیشتمان (رۆدینا)، کۆمۆنیستەکانی رووسیا، ژینگەپارێزیی رووسیا (سەوزەکان)، خانەنشینان بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دیموکراسیی راستەوخۆ.

لە بەرامبەردا، پارتی ئۆپۆزیسیۆنی لیبراڵی (یابلۆکۆ) کە داوای راگرتنی شەڕی دەکرد، لەلایەن دادگەی باڵای رووسیاوە لە کێبڕکێی لیستی نیشتمانی و هەڵبژاردنەکە دوورخرایەوە و تەنیا چەند بەربژێرێکی تاکەکەسیی لە بازنە ناوخۆییەکاندا ماونەتەوە. 

دەنگی دژبەری جەنگ لە وڵاتەکەدا بە تەواوی کپکراوە؛ لیڤ شلۆسبێرگ، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی یابلۆکۆ خرایە زیندانەوە و ئەلێکسی ناڤاڵنی، سەرکردەی پێشووی ئۆپۆزیسیۆن لە ساڵی 2024 لە زیندانی جەمسەری باکووردا گیانی لەدەستدا.

دەنگدان لە 11 ناوچەی کاتی و ناوچە داگیرکراوەکان دەنگدانەکە رووبەرێکی بەرفراوان دەگرێتەوە و بەسەر تەواوی 11 ناوچەی فیدراسیۆنی رووسیادا دابەشبووە؛ سەرەتای دەنگدان لە ئەوپەڕی رۆژهەڵاتی دوورەوە لە نیمچە دوورگەی (کامچاتکا) و (چوکۆتکا)وە دەستیپێکردووە و لە ناوچەی کالینینگراد لە ئەوپەڕی رۆژئاوای وڵاتەکە کۆتایی دێت.

بۆ یەکەمین جار لە مێژووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی رووسیادا، دەنگدان لەو چوار ناوچە داگیرکراوەی ئۆکراینادا بەڕێوەدەچێ کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراو نین، ئەوانیش ناوچەکانی (دۆنێتسک، لوهانسک، ژاپۆریژیا و خێرسۆن)ن. هەروەها نیمچە دوورگەی داگیرکراوی کریمیا کە لە ساڵی 2014ـەوە لکێندراوە، بۆ دووەم خولی پەرلەمانە بەشداری لە دەنگداندا دەکات.

26 ساڵ دەسەڵاتی پووتین و دەنگی هاووڵاتییان ڤلادیمیر پووتین، کە تەمەنی 73 ساڵە و لە ساڵی 1999ـەوە سەرۆکە، پێش دەنگدان داوای لە خەڵک کرد بەشداری بکەن تاوەکو نیشانی بدەن ملیۆنان کەس لە پشت سەربازەکانەوە وەستاون و وەڵامێک بێت بۆ ئەوانەی دەیانەوێ رووسیا لاواز بکەن.

لە کاتی دەنگداندا لە مۆسکۆ، سێرگی کۆرێنێتس کە کارمەندێکی تەمەن 41 ساڵەی هێڵی ئاسنە گوتی، دەنگ بە پارتی رووسیای یەکگرتوو دەدات لەپێناو "سەقامگیری"و باسی لەوە کرد کە دەیەوێ بە زووترین کات جەنگ کۆتایی بێت، بەڵام لە رووی داراییەوە رازی نییە دەسەڵات بگۆڕدرێت. 

لە بەرامبەردا لیووبۆڤ کە ژنێکی تەمەن 55 ساڵە گوتی، بە تەواوی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی سەربازییە تاوەکو ناتۆ نەگاتە سنوورەکانیان، بەڵام رەخنەی لە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی گرت و داوای گەڕانەوەی بۆ سیستمی ئابووریی سۆڤیەت کرد.

یەکێتیی ئەورووپا: لە رووسیا مافی هەڵبژاردن لە خەڵک سەنراوەتەوە یەکێتیی ئەورووپا رەخنەی تووند لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی رووسیا دەگرێت و دەڵێ، کرێملین بە زەبر و سەرکوتکاری، مافی هاووڵاتییانی زەوت کردووە تاوەکو بە ئازادی بڕیار لەسەر چارەنووسی وڵاتەکەیان بدەن.

کریستیان ڤیگاند، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە برۆکسل بە رۆژنامەڤانانی گوت، چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکەی رووسیا دەریدەخات کە دیموکراسی لە رووسیا بەردەوام لە پاشەکشەدایە، چونکە "دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ بە شێوازێکی دامەزراوەیی و بەرنامە بۆداڕێژراو سەرکوتکارییان زیادکردووە تاوەکو رێگە لە هەر دەنگێکی ئۆپۆزیسیۆنی دیموکرات بگرن."

ترسی سەربازیی زۆرەملێ و هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە شەڕی ئۆکراینا زیاتر لە جاران کاریگەریی خستووەتە سەر ژیانی هاووڵاتییانی رووسیا و هێرشەکانی کیێڤ گەیشتوونەتە ناوچەکانی ئۆڕاڵ و سیبریا. 

لە شەقامدا ترس هەیە لەوەی دوای هەڵبژاردن، کرێملین بڕیار لەسەر شەپۆلێکی نوێی بەسەربازکردن بدات، هاوشێوەی پاییزی ساڵی 2022 کە 300 هەزار کەس بانگهێشتی شەڕ کران و هەڵاتنی بەکۆمەڵی لێکەوتەوە. هەرچەندە پووتین ئەو تۆمەتانەی زێلێنسکی رەتدەکاتەوە کە دەڵێت مۆسکۆ پلانی سەربازیی زۆرەملێی هەیە.

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة