انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیاسای سەپاندنی سزای نوێی بەسەر رووسیادا پەسند کرد

کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیاسای سەپاندنی سزای نوێی بەسەر رووسیادا پەسند کرد

دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە پاکێجێکی نوێ و بەرفراوانی سزاکانی بەسەر رووسیادا پەسند کرد، بە مەبەستی زیادکردنی گوشارەکان لەسەر مۆسکۆ بەهۆی بەردەوامیی جەنگ لە ئۆکراینا؛ هەروەها پڕۆژەیاساکە رەوانەی نووسینگەی دۆناڵد ترەمپ کرا تاوەکو بە واژۆکردنی بیخاتە باری جێبەجێکردنەوە.

ئەنجوومەنی نوێنەران بە دەنگی 262 ئەندام بەرامبەر 159 دەنگ پڕۆژەکەی پەسند کرد، کە ئەمە بە گەورەترین هەنگاوی یاسایی ئەمریکا دژی مۆسکۆ دادەنرێت لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی.

مانگی رابردووش ئەنجوومەنی پیران بە زۆرینەی 86 دەنگ بەرامبەر 11 دەنگ پەسندی کردبوو و ترەمپیش دووپاتی کردووەتەوە کە واژۆی لەسەر دەکات. سزاکان چی لەخۆدەگرن؟ ئەم یاسا نوێیە چەند بوارێکی هەستیار دەکاتە ئامانج:

•کەرتەکانی وزە و سەربازی: سزای تووند دەخاتە سەر کەرتی نەوت، گاز و پیشەسازیی سەربازیی رووسیا.

•سەرکردەکانی رووسیا: ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی وڵاتەکە دەگرێتەوە.

•کەشتیگەلی سێبەر: سزادانی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی کە مۆسکۆ بە نهێنی بۆ فرۆشتنی نەوت و دەربازبوون لە سزاکانی رۆژئاوا بەکاریان دەهێنێت.

•باجی 100% لەسەر کڕیارانی نەوتی رووسیا: دەسەڵات دەداتە ترەمپ باجی گومرگی تاوەکو 100% بخاتە سەر ئەو وڵاتانەی هێشتا نەوت و گازی رووسیا دەکڕن (بەتایبەت چین و هیندستان)، تاوەکو مۆسکۆ لەو داهاتە بێبەش بکات کە شەڕەکەی پێ بەڕێوەدەبات.

•کۆمپانیا بیانییەکان و ئێران: سزاکان ئەو کۆمپانیا بیانییانەش دەگرێتەوە کە هاوکاریی سوپای رووسیا دەکەن، هاوکات سزاکانی پەیوەندیدار بە ئێرانیش فراوانتر دەکات.

هۆکاری پەسندکردنی سزاکان لەم کاتەدا چییە؟ پشتیوانانی ئەم پڕۆژەیە دەڵێن، دەبێت گوشاری ئابووریی زۆر قورستر بخرێتە سەر رووسیا، بەتایبەت لە کاتێکدا جەنگی ئۆکراینا پێدەنێتە پێنجەمین ساڵی خۆیەوە و هیچ ئاسۆیەکی ئاشتی دیار نییە.

خۆپێشاندەران و لایەنگرانی ئۆکراینا پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد، بەتایبەت دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە هێرشێکی نوێی درۆنەکانی رووسیا بۆ سەر ئامرازەکانی گواستنەوەی خەڵکی سڤیل لە باشووری ئۆکراینا بووە هۆی کوژرانی پێنج کەس.

پێشتریش ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە کۆنگرێسی ئەمریکا کردبوو ئەم سزایانە دەربکات، بۆ ئەوەی بە گوشاری زیاتر مۆسکۆ ناچار بکرێت بێتە سەر مێزی دانوستاندن.

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة