دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رایگەیاند، بەهۆی ئاڵۆزییەکان و جەنگەوە لە ناوچەکەدا، بەغدا بە جیدی کار لەسەر دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ گەرووی هورمز دەکات بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەورووپا، بەتایبەت لە رێگەی هێڵی بۆری بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا و بەندەری بانیاسی سووریا. ئاشکراشی دەکات کە بەرلین، لەگەڵ سەرۆک و راوێژکاری ئەڵمانیا و کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتەکە کۆدەبنەوە.
لە کاتی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەرلین، د. عەبدولزەهرە هینداوی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری، کارنامەی سەردانەکەیانی بۆ ئەڵمانیا و دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی پاریسی خستەڕوو.
عەبدولزەهرە هینداوی رایگەیاند، لە سەردانەکەیاندا بۆ فەرەنسا شەش یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی بەرگری، تواناسازیی گەنجان، ئاژانسی گەشەپێدانی فەرەنسی و کەرتی بانکی و دارایی واژۆکراون. هەروەها لە وێستگەی دووەمیشدا لە بەرلین، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ فرانك ڤالتەر شتاینمایەر، سەرۆککۆماری ئەڵمانیا، فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەو وڵاتە و خاوەنکار و کۆمپانیا ئەڵمانییەکان کۆدەبێتەوە بە مەبەستی راکێشانی وەبەرهێنان بۆ عێراق.
سەبارەت بە دۆسیەی وزەش، هینداوی ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا جەنگ هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی تەنگەی هورمز دروستکردووە، عێراق کار لەسەر فرەچەشنکردنی هێڵەکانی هەناردەی نەوت دەکات لەنێوان ئاسیا و ئەورووپادا، سەردانەکەی بەرلینیش دەستکەوتی ئەرێنیی دەبێت بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی ئەورووپا.
دەقی هەڤپەیڤینی لەگەڵ عەبدولزەهرە هینداوی: : دوای کۆبوونەوە چڕوپڕەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندەکەی لە پاریس، گەیشتنە ئەڵمانیا و لە بەرلینن. لە وێستگەی دووەمدا لەگەڵ سەرۆکی ئەڵمانیا، فرانك ڤالتەر شتاینمایەر و دواتریش لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبنەوە. دەمەوێت بزانم کۆبوونەوەکانتان لە ئەڵمانیا چی دەبن و هاتنی سەرۆکوەزیران لەم دۆخە هەستیارەی عێراق و ناوچەکەدا بۆ ئەورووپا چەندە گرنگە؟
عەبدولزەهرە هینداوی: زۆر سوپاس. رۆژی رابردوو لە پاریس پڕ بوو لە دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ کە دەرەنجامی بەرچاویان هەبوو. گرنگترینیان کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی بوو لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن، هەروەها زنجیرەیەک دیداری دیکە لەگەڵ پیاوانی کار و کۆمپانیا فەرەنسی و ئەورووپییەکان. دەرەنجامی ئەو چالاکییانەش واژۆکردنی شەش یاداشتی لێکتێگەیشتن بوو لە بوارە جیاوازەکاندا؛ وەک بواری بەرگری، بەهێزکردنی گەنجان، سوودوەرگرتن لە ئاژانسی گەشەپێدانی فەرەنسی، لەگەڵ بوارەکانی بانکی و دارایی.
ئەمڕۆش سەرۆکوەزیران گەیشتە بەرلینی پایتەخت لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا لەسەر بنەمای بانگهێشتی راوێژکاری ئەڵمانیا. ئەم سەردانەش زۆر گرنگە بۆ کردنەوەی ئاسۆی هاوکاری و هاوبەشیی درێژخایەن لەگەڵ ئەڵمانیا، بەو پێیەی ئەڵمانیا خاوەنی شارەزاییەکی فراوانە لە پیشەسازی، تەکنەلۆژیا و کشتوکاڵدا. بڕیارە سەرۆکوەزیران چاوی بە سەرۆککۆماری ئەڵمانیا و راوێژکاری ئەڵمانیا بکەوێت، هەروەها دیداری گرنگ لەگەڵ کۆمپانیا و سەرمایەدارانی ئەڵمانیا ئەنجام بدات تاوەکو دەرفەتە ناوازەکانی وەبەرهێنان لە عێراقی ئەمڕۆدا بخاتەڕوو.
: بە کورتی دەمەوێت بزانم، ئایا پەیوەندیی ئابووریی ئەڵمانیا و عێراق ئێستا لە چ ئاستێکدایە و چۆن دەتوانن فراوانی بکەن؟ سەرۆکوەزیرانی عێراق بە گرنگی دەزانێت لەدوای چین، لەگەڵ وڵاتانی گرنگی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا پەیوەندییە ئابوورییەکان بەهێزتر بکات، لە ئەڵمانیا بەتایبەتی چ رێککەوتنێک واژۆ دەکەن؟
عەبدولزەهرە هینداوی: پەیوەندییەکانی عێراق و ئەڵمانیا مێژوویی و لەمێژینەن و پەیوەندیی ئەمڕۆ نین؛ عێراق ساڵانێکی زۆرە پەیوەندیی لەگەڵ ئەڵمانیا هەیە. سەردانەکەی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیران بۆ بەرلین بە دڵنیاییەوە بەشدار دەبێت لە پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە، بەتایبەت لە رووی ئابوورییەوە. ئێمە باس لە هاوبەشیی ئابووریی درێژخایەن دەکەین تا عێراق سوود لە توانست و ئەزموونی گەورەی ئەڵمانیا لە پیشەسازی و پەرەپێدان وەربگرێت. ئەم پەیوەندییانە قۆناخێکی نوێ بەخۆوە دەبینن، چونکە دەرگای فراوان نەک تەنیا لەگەڵ ئەڵمانیا، بەڵکو لەگەڵ تەواوی ئەورووپادا دەکەینەوە. دیدگایەکی تەواوکاری هەیە لە نێوان سەردانەکەی دوێنێ بۆ فەرەنسا و سەردانەکەی ئەمڕۆ بۆ ئەڵمانیا. ئەورووپا هاوبەشێکی سەرەکییە بۆ عێراق تاوەکو لە رێگەی ئەورووپاوە بگەینە بازاڕە جیهانییەکان؛ دیدگای ئابووریشمان هەیە بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بە ئەورووپا لە رێگەی راکێشانی بۆری یان هەناردەکردنی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی یان بەندەری بانیاسی سووری بۆ ئەورووپا.
: پرسی نەوت، گاز و وزە پرسێکی هەرە گرنگە هەم بۆ ئەورووپا و هەم بۆ عێراقیش، ئایا لە ئەڵمانیا هیچ رێککەوتن یان گرێبەستێک ئامادەکراوە بۆ ئەوەی نەوتی عێراق بە رێگەیەکی دیکە بنێردرێت نەک هەر بە رێگەی تەنگەی هورمز؟
عەبدولزەهرە هینداوی: بە دڵنیاییەوە، ئەو کێشەیەی ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا رووبەڕووی بووینەتەوە، ئەو دۆخەیە کە گەرووی هورمز بەهۆی جەنگی بەردەوامەوە پێیدا تێدەپەڕێت. لەبەر ئەوە، بە شێوەیەکی زۆر جیدی دەستمان کردووە بە بیرکردنەوە لە دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ تەنگەی هورمز بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق. ئەو جێگرەوانەش وەک ئاماژەم پێکرد، لە رێگەی بوونی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق دەبێت بەرەو ئەورووپا. عێراق لە ماوەی رابردوودا رێژەیەکی زۆری نەوتەکەی بۆ ئاسیا هەناردە دەکرد، ئاراستەی ئەمڕۆمان ئەوەیە کە شوێنی هەناردەکردنەکە هەمەجۆر بکەین لەنێوان ئاسیا و ئەورووپادا؛ کەواتە قسە لەسەر سوودوەرگرتنە لە بەندەری جەیهانی تورکی و بەندەری بانیاسی سووری بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بە ئەورووپا. بۆیە ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەڵمانیا دەرەنجامی ئەرێنی و گرنگی دەبێت لە ئاراستەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەرەو ئەورووپا.




