چەندین کەسایەتیی سیاسی و ئەندامانی پەرلەمان لە دۆسیەی گەندەڵییەکانی عەدنان جومەیلی تێوەگلاون و، فەرمانی دەستگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان بۆ دەرچووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی باڵاوە، بڵاویکردەوە، ناوی چەندین پەرلەمانتار و لایەنی سیاسیی عێراقی هەیە کە لە دۆسیەی گەندەڵییەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ تێوەگلاون.
سەرچاوەکە، ئاماژەی بەوە دا، هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەردەوامن و بە بڕیاری دادگا و دەستەی دەستپاکیی عێراق، دەست بەسەر موڵک و ماڵی تێوەگلاوەکاندا گیراوە.
هەروەها، روونی کردەوە، بەشێک لەو کەسانە بۆ دەرەوە هەڵاتوون و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، تاوەکوو بگەڕێندرێنەوە و رادەستی یاسا بکرێن.
هەڵمەتی بەرەبەیان یەکێکە لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە مێژووی نوێی عێراقدا. سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆر و هێزە تایبەتەکانی سوپا، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ سەر ماڵ و شوێنی مانەوەی دەیان بەرپرسی باڵا، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و بازرگانە گەورەکان لە ناوچەی سەوز و چەندین پارێزگای دیکە دەست پێکرد.
ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە، هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە رێکخراوەکانی گەندەڵی و گێڕانەوەی ئەو پارە و سامانە زۆرەیە لە داهاتی گشتی دزراون. لە قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەیان کەسایەتیی باڵا دەستگیر کران. دیارترین دەستگیرکراوەکان پێکهاتبوون لە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، عەلی مەعاریج بریکاری وەزارەتی نەوت، لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی عێراق و بەرپرسانی دیکە.
لە ئەنجامی پشکنین و هەڵکوتانە سەر ماڵی تۆمەتبارەکان، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە پارەی نەختینەدا گرتووە، قەبارەکەی بە دەیان ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و سەدان ملیار دیناری عێراقی خەمڵێنراوە. هاوکات دەست بەسەر دەیان ئۆتۆمبێلی گرانبەها، زێڕ و سەنەدی خاوەندارێتیی سەدان خانووبەرەدا گیراوە.
هاوکات عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە بەڵێنی دابوو رووبەڕووی پەتای گەندەڵی ببێتەوە.




