یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی بۆ کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەردەبڕێت و بە هەنگاوێکی ئەرێنی لەقەڵەمی دەدات.
ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە و لەلایەن چین و توێژەکانەوە پێشوازیی لێ کراوە. سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بەـی راگەیاند "بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بتوانن تا تەمەنی 65 ساڵی لە کارکردن بەردەوام بن، هەنگاوێکی باشە و بە تەواوی پشتیوانیی لێ دەکەین".
سادق عوسمان جەختیکردەوە "ئەو فەرمانبەرانە خاوەن توانان و دەتوانن لە بواری پسپۆڕیی خۆیان زیاتر خزمەت بکەن. ئەمە دەرفەتێکیشە بۆ کەسوکاری شەهیدان تا لە کارەکانیان بەردەوام بن و نیشانەی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بەو توێژە، بەڵام نابێت بڕیارەکە ببێتە ناچاری".
سەبارەت بە دۆخی گشتیی خانەنشینی، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان روونیکردەوە، ئێستا بەهۆی ئەوەی پرۆسەی دامەزراندن ئەستەم بووە و کەمترین کەس دادەمەزرێت، پێویستە تەمەنی خانەنشینی بەگشتی زیاد بکرێت. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە سەدان فەرمانبەر خوازیارن بەهۆی توانای بەردەوامیان، لە تەمەنی 63 ساڵیدا خانەنشین نەبن و خزمەتی زیاتر پێشکەش بکەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کەسوکاری شەهیدان لەمەودوا دەتوانن تا تەمەنی 65 ساڵی خۆیان خانەنشین نەکەن و لە کارەکانیان بەردەوام بن. هاوکات داواکاریی زیندانیانی سیاسی بۆ زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵ کراوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، ئێستا زیاتر لە 178 هەزار خانەنشینی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان هەن.




