انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

شانۆگەری 'ئێکسۆدوس' لە سلێمانی نمایش دەکرێت

شانۆگەری 'ئێکسۆدوس' لە سلێمانی نمایش دەکرێت
هونەری
کوردستان شانۆگەریی سلێمانی

شانۆگەریی "ئێکسۆدۆس"، لە نووسین و دەرهێنانی راڤیار نەوزادە و کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن، لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی نمایش دەکرێت.

دووشەممە، 28ی ئەیلوولی 2026، راڤیار نەوزاد، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بەی راگەیاند، "شانۆگەریی «"ئێکسۆدۆس"، خۆم کاری نووسین و دەرهێنانم بۆ کردووە و نێچیر خەلیل وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری کردووە و هەر یەکە لە، تێشو نامیق، کۆژین جوانڕۆ، بابان عومەر، دیاری عومەر، ساڤیا سەلام و مەتین هێژا، رۆڵی سەرەکی لەم کارە شانۆییەدا دەگێڕن."

راڤیار نەوزاد دەربارەی چیرۆکی نمایشەکە گوتی، "چیرۆکی شانۆگەرییەکە لە ماڵی خێزانێک دەستپێدەکات؛ خێزانەکە بەیانییەک هەڵدەستن و دەبینن شتێک لە ناو ماڵەکەیاندا نەماوە، بەڵام هیچ کامیان ناتوانێت ناوی ئەو شتە بهێنێت.ەکان لە هەمان ماڵ دەست پێدەکەن و لە هەمان شوێنیش کۆتایی دێن، بەبێ ئەوەی من پێشوەخت وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکانی نمایشەکە بدەمەوە."

ئەو دەرهێنەرە جەختی لەوەش کردەوە، "دەقەکە لە ماڵەوە و لەسەر مێزێک تەواو نەکراوە، بەڵکو لە ژووری پڕۆڤەدا و رۆژ بە رۆژ لەگەڵ ئەکتەرەکان نووسراوە و  تا ئێستاش گۆڕانکاری بەسەردا دێت. چیرۆکەکە شتێک نییە کە بە هۆکار هەڵم بژاردبێت، بەڵکو ماوەیەکی زۆرە لە دەوروبەرم دا دەیبینم و دواجار ناچار بووم لەسەری بنووسم."

سەبارەت بە ناوەڕۆکی نمایشەکە، راڤیار نەوزاد دەڵێت، "ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکە لەسەر لەبیرچوونەوە و لەیادکردن  دامەزراوە؛ بەڵام مەبەست لە لەبیرچوونەوەی رابردوو نییە، بەڵکو ئەو دۆخەیە کە وەک نەخۆشییەکی ناوەکی مرۆڤ وات لێ دەکات هەر جارێک شتێکی خۆت بنووسیتەوە و دووبارە لەبیری بکەیتەوە."

راڤیار نەوزاد ئەوەشی روونکردەوە، "شانۆگەرییەکە پەیام بۆ بینەر نانێرێت، بەڵکوو پرسیارێک دەخاتە بەردەمیدا و وەڵامی پێ ناداتەوە. شانۆ نابێت ببێتە وانەوتنەوە، بەڵکوو دەبێت بینەر خۆی لەگەڵ پرسیار و هەستەکانی کارەکەدا رووبەڕوو ببێتەوە."

ئەو دەرهێنەرە باس لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی نمایشەکە شێوازی جیاوازی نمایشکردنییەتی؛ چونکە نمایشەکە لەسەر تەختەیەکی دار دەکرێت کە بە زنجیری پۆڵاوەوە لە سەقف هەڵواسراوە و لە کاتی نمایشدا دەجووڵێت. بینەرانیش لە هەموو چوار لای تەختەکە دادەنیشن و لە هەمان هەوادا لەگەڵ ئەکتەرەکان دەبن."

راڤیار نەوزاد باسی لەوەش کرد، "لەم نمایشەدا دیوارێکی چوارەم و پەردەیەک نییە کە بینەر لە پشتەوەی بێت؛ بەڵکو بینەر و ئەکتەر لە یەک هۆڵ و یەک هەوادان و بینەرەکانی بەرامبەریش دەبینێت. بەم شێوەیە بینەر تەنیا شایەتیەکان نابێت، بەڵکو بەشێک لە جیهانی نمایشەکە دەبێت."

راڤیار نەوزاد باس گرنگیی جەستەی ئەکتەر لە نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "من جەستەی ئەکتەر بە گرنگترین توخم لە نێوان دەق، ئەکتەر و سینۆگرافیای نمایشەکە دادەنێم، چونکە دەق و سینۆگرافیا دەتوانرێت بگۆڕدرێن یان لاببرێن، بەڵام بەبێ جەستەی ئەکتەر هیچ نمایشێک بوونی نابێت. لەم کارەدا جەستە تەنیا ئامرازی گواستنەوەی وشە نییە، بەڵکو ئەو شتانە دەگوازێتەوە کە زمان ناتوانێت دەریبخات."

شانۆگەری "ئێکسۆدۆس"، لە نووسین و دەرهێنانی راڤیار نەوزادە و کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی ئەیلوولی 2026، لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی نمایش بکرێت و ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.

 
گەرمیان گلی ,
المصدر: krd24.net — عبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة