انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

بەرپرسانی ئەمریکا فرۆشتنی چەک بە چین رەتدەکەنەوە

بەرپرسانی ئەمریکا فرۆشتنی چەک بە چین رەتدەکەنەوە
سیاسی
جیهان ئەمریکا و چین

بەرپرسانی ئەمریکا بوونی هەر پلانێکی وڵاتەکەیان بۆ فرۆشتنی چەک بە چین رەتکردەوە. ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە دەیڤید بێرنۆ، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەیژینگ رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا لە قۆناخێکدا پێشنیازی بۆ شی جین پینگ، سەرۆکی چین کردووە گرێبەستێکی گواستنەوەی چەکی ئەمریکی بکەن.

لە کاتی تاوتوێکردنی مژاری فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە تایوان، بێرنۆ بە فۆکس نیوزی راگەیاند: "سەرۆک ترەمپ بەردەوام دەڵێت ئێمە چەک بە لایەنی دیکە لە سەرانسەری جیهان دەفرۆشین". بێرنۆ روونیکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا لە قۆناخێکدا بە راستی لە شی پرسیوە ئایا ئارەزوو دەکات بەشێک لەو چەکانە بکڕێت.

بێرنۆ وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئەو پێشنیازە نەخستە روو. هەروەها روونی نەکردەوە کە ئایا ئەو پێشنیازە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان ترەمپ و شی خراوەتە روو یان لە کۆبوونەوەیەکی پێشتردا بووە.

لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەدا، بەرپرسێکی ئەمریکی بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاند، ئیدارەی ترەمپ هیچ پلانێکی بۆ فرۆشتنی چەک بە چین نییە. بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی روونیکردەوە، فرۆشتنی چەک بە چین بە یاسا قەدەخەکراوە و جەختیشی کردەوە هیچ پلان یان پێشنیازێک بۆ بەیژینگ نەخراوەتە روو.

ئەمریکا گەمارۆی هەناردەکردنی چەک بۆ چین جێبەجێ دەکات. وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا چین لەنێو ئەو دەوڵەتانەدا پۆلێن دەکات کە لەژێر گەمارۆی چەکی ئەمریکیدان. هەناردەکردن و دووبارە هەناردەکردنی کەرەستە و ماددە بەرگرییەکان بۆ چین لەژێر رێوشوێنی توند و سیاسەتی رەتکردنەوەی مۆڵەت لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەبێت، هاوکات یاسای جیاوازیش بۆ کەلوپەل و تەکنەلۆژیاکانی خاوەن بەکارهێنانی دوولایەنە جێبەجێ دەکرێن.

لێدوانەکانی بێرنۆ دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی نێوان ئەمریکا و چین دێت، تێیدا ترەمپ و شی بەڵێنیان دا پەیوەندییەکان بەردەوام بن و هەوڵی پەرەپێدانی هاریکارییەکان بدەن بۆ ئەوەی لە پێکدادانی یەکلاکەرەوە دوور بکەونەوە. سەرەڕای ئاڵۆزییە گەورەکانی نێوان هەردوو زلهێزەکە، ترەمپ رایگەیاند، هەردوو وڵات دەتوانن پەیوەندییەک بنیات بنێن کە گەشەسەندن و ئاسایش بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکات.

 
لاڤین عومەر ,
المصدر: krd24.net — عبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة