انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: نێوەندگیرەکان لە هەوڵی رێگریکردنن لە سەرهەڵدانی جەنگێکی گشتگیر

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: نێوەندگیرەکان لە هەوڵی رێگریکردنن لە سەرهەڵدانی جەنگێکی گشتگیر
جەنگی ئێران سیاسی
جیهان گەرووی هورمز دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران جەنگی ئێران و ئەمریکا

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە زاری چەند نێوەندگیرێکی بەشدار لە وتووێژەکانەوە بڵاویکردەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان گەیشتوونەتە قۆناخێکی هەستیار و نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان لە رکابەریدان لەگەڵ کاتدا بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە تەشەنەسەندنی دووبارەی گرژییەکان و خزانی ناوچەکە بۆ ناو جەنگێکی گشتگیر.

دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، نێوەندگیرانی ئاشتی لە هەوڵی بەردەوامدان و گوشار دەخەنە سەر ئێران تاوەکو لە دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمییەکەیدا سازش بکات، بە مەبەستی بووژاندنەوەی وتووێژەکانی راگرتنی شەڕ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ پێشنیازی ئاگربەستی لە لایەن تارانەوە رەتکردەوە. لە بەرامبەردا، تاران تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی ئەوتۆی پێشان نەداوە کە ئامادەی گفتوگۆ بێت لەسەر بەرنامەی ئەتۆمییەکەی. نێوەندگیرەکان رایانگەیاند، دەرفەتی سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە سنووردارە، بەڵام ئامانج لێی هێورکردنەوەی هەڵوێستەکانی ترەمپە لە رێگەی پێشکەشکردنی سازش لەو پرسەی کە زۆرترین بایەخی لای ترەمپ هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە پەیوەندیدان لەگەڵ تاران، روونیانکردووەتەوە سەرکردایەتیی ئێران متمانەی تەواوی بە توانای خۆی هەیە بۆ بەرگەگرتنی گەمارۆیەکی درێژخایەنی ئەمریکا یان دەستپێکردنەوەی هەڵمەتێکی نوێی بۆردومانەکان. ئەم بەرپرسانە ئاشکرایان کردووە کە ئێستا دەسەڵات لە ئێران زیاتر لە دەستی سوپای پاسداراندا کۆبووەتەوە، کە لە مێژە هەڵوێستێکی توندی هەیە و بە تەواوی دژی هەر سازشێکە بۆ رۆژئاوا. لە هەمان کاتدا بەرپرسانی کەنداو رایانگەیاند، ئێران داوای کردووە پێش ئەوەی هیچ هەنگاوێک بنرێت بۆ پێشەوە لە دانوستانەکاندا، دەبێت واشنتن سازش پێشکەش بکات.

سەبارەت بە رەوشی سەربازی و جیۆپۆلەتیکی ناوچەکەش، بەرپرسانی ئەمریکی و کەنداوی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئێران لە ئێستادا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا لەدەست دەدات.

هاوکات بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتێکی ناوچەکە کە بەشدارە لە وتووێژەکان رایگەیاندووە، ئێران لەوانەیە ئامادەیی نیشان بدات بۆ پێشکەشکردنی سازش سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمییەکەی، بەڵام بۆ ئەم هەنگاوە پێویستی بە گەرەنتییەکی روون و ئاشکرای ئیسرائیل هەیە دوای گەیشتن بە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن، هێرشی نوێ ئەنجام نەدات.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، بەرپرسانی ئەمریکی باسیان لەوە کردووە ئەو رێککەوتنەی پێشتر تاران پێشنیازی کردبوو، لە دیدی واشنتنەوە بە تەواوی لە بەرژەوەندی ئێران خۆیدا بووە، بۆیە سەرۆک ترەمپ چیتر ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشنیازە و تاوتوێی بکاتەوە.

 
کاروان شوانی ,
المصدر: krd24.net — عبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة