انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

مایک واڵتز: ترەمپ هەموو بژاردەکانی لە دژی ئێران لەسەر مێز هێشتووەتەوە

مایک واڵتز: ترەمپ هەموو بژاردەکانی لە دژی ئێران لەسەر مێز هێشتووەتەوە
سیاسی
جیهان

مایک واڵتز، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند, ترەمپ سەرجەم بژاردەکانی لە دژی تاران لەسەر مێز هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی ئێران جیهان بکاتە بارمتەی چەکی ئەتۆمی؛ هاوکات هێرشەکانی تارانی بۆ سەر هێڵە بازرگانییە دەریاییەکان بە پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد کە لە لایەن 146 وڵاتەوە شەرمەزار کراوە.

یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، مایک واڵتز، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی (Meet the Press)ی کەناڵی "ئێن بی سی نیوز"، دەربارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم، گوتی: "ئەوەی دەتوانم دووپاتی بکەمەوە ئەوەیە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەموو بژاردەکانی لەسەر مێز هێشتووەتەوە تاوەکو دڵنیابێت لەوەی جیهان لە مەترسیی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی پارێزراوە."

واڵتز جەختی لەوە کردەوە، سیاسەتی واشنتن بەرامبەر تاران پەیوەندی بە ململانێی حزبی و ناوخۆییەوە نییە، بەڵکو ئامانجی پاراستنی نەوەکانی داهاتووە لەو قەڵغانە مووشەکی و درۆنییەی ئێران لە وێستگە ژێرزەمینییەکانیدا دروستی دەکات بۆ گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی.

گوتیشی: "ئەمە تەنیا بۆچوونی واشنتن نییە، بەڵکو هەڵوێستی هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە؛ لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا حەوت بڕیارنامەی جیاوازی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکراون کە بە روونی دەڵێن ئێران بۆی نییە و هەرگیز نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، نابێت بە شێوەیەکی نایاسایی یۆرانیۆم بپیتێنێت، و دەبێت وەک وڵاتانی ناوچەکە وەک ئیمارات رێگە بە چاودێری و پشکنینی نێودەوڵەتی بدات."

سەبارەت بە پەلاماردانی کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد رێکخراوەکەیان بە کۆدەنگییەکی مێژوویی و بە دەنگی 146 دەوڵەت، هێرشەکانی تارانیان بۆ سەر کەشتییە مەدەنییەکان شەرمەزار کردووە.

واڵتز رایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە پەلاماری کەشتییە مەدەنییەکان بدرێت بەو پاساوەی کە لە جەنگدایت، وەک چۆن بۆت نییە فڕۆکەی نەفەرهەڵگر بخەیتە خوارەوە؛ ئێران لە هەموو روویەکەوە پێشێلکاریی ئاشکرای بەرامبەر یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووە و ئەمڕۆ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا رووبەڕووی گەورەترین شەرمەزارکردن بووەتەوە."

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.net — عبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة