وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەزگای شەهیدانی فیدراڵ، واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان راگەیاند، کە بەپێی بەندەکانی، لەمەودوا مووچە و شایستە داراییەکانی کەسوکاری شەهیدانی کوردستان هاوتای عێراق دەکرێت و لیژنەیەکی باڵاش بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی پێکدەهێنرێت.
یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ عەبدولئیلا نائیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق، واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لە نێوان هەردوو دامەزراوەکەدا راگەیاند، کە بە پێی رێککەوتنەکە، لەمەودوا مووچە، ماف و شایستە داراییەکانی کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان هاوتای هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ دەکرێت.
لە میانی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود جەختی لە گرنگیی ئەم هەنگاوە کردەوە و رایگەیاند: "ئەم لێکتێگەیشتنەی ئەمڕۆ لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق واژۆمان کرد، دەبێتە وەرچەرخان و سەرەتایەکی زۆر گرنگ بۆ پشتیوانیکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی کەسوکاری شەهیدان و قەرەبووکردنەوەی مەعنەوی و ماددییان بە پێی یاسا کارپێکراوەکان".
لە لایەن خۆیەوە، عەبدولئیلا نائیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد: "پێویستمان بە هەماهەنگییەکی پتەوە لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی پێکەوە خزمەت بە خانەوادەی شەهیدان بکەین؛ بە تایبەت کە لە یاسادا ئاماژە بە مافەکانی خێزانی هێزەکانی پێشمەرگە و شەهیدانی هەرێمی کوردستان دراوە.
نائیلی روونی کردەوە، ئامانج لەم یاداشتە تەنیا پرسی مووچە نییە، بەڵکوو کارکردنی هاوبەشە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییە ئیداری و یاساییانەی لەبەردەم مامەڵەی کەسوکاری شەهیداندان.
هاوکات ئاشکرای کرد، یاداشتەکە چەندین تەوەرەی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە:
هاوتاکردنی مووچە: یەکسانکردنی مووچە و شایستەداراییەکانی کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق.
سیستەمی ئەلیکترۆنیی هاوبەش: دامەزراندنی بنکەدراوە و داتابەیسێکی کەسیی ئەلیکترۆنیی یەکگرتوو بۆ ئاسانکاری و راییکردنی خێرای مامەڵەکان.
دۆسیەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان: چڕکردنەوەی هەوڵە مەیدانییەکان بۆ دۆزینەوە، پشکنین و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا.
بە نێودەوڵەتیکردنی تاوانەکان: هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ناساندنی تاوانەکانی شاڵاوی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە بە جینۆساید.
هەردوولا لە کۆتایی کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا رایانگەیاند: لە قۆناخی ئێستا لیژنەیەکی هاوبەشی باڵا لە نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و دەزگای شەهیدانی عێراق پێکدەهێنرێت، تاوەکوو بە شێوازێکی کردارەکی و مەیدانی سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵ و بڕگەکانی نێو یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بکات.




