پەیمانگەی تەکنیکیی مێرگەسۆر لەپێناو گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی و گژوگیا سروشتییەکان، بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەشی هەنگەوانی دەکاتەوە و ئامادەکارییەکانیشی بۆ فراوانکردنی بەشی دەرمانسازی گیایی کۆتایی پێهێناوە.
دکتۆر تاڵیب شێروان، راگری پەیمانگەی تەکنیکیی مێرگەسۆر بەی راگەیاند، بەشی دەرمانسازی گیایی کە بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق لە پەیمانگەکەیان کراوەتەوە، ئەمساڵ زیاتر فراوان کراوە. تێیدا قوتابییان توێژینەوە لەسەر گژوگیاکان دەکەن و سوود و مەترسییەکانیان دەخەنەڕوو، چونکە بەشێک لە گژوگیاکان ژەهراوین؛ ئاماژەی بەوەش کرد دەرچووانی ئەم بەشە ناونیشانی "یاریدەدەری دەرمانسازی گیایی"یان پێدەدرێت.
سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، راگری پەیمانگەکە ئاشکرای کرد، رێککەوتنیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنان کردووە بۆ دروستکردنی پێداویستی و چارەسەری پزیشکی وەک "چا و حەب"لە گژوگیا سروشتییەکان، بڕیاریشە کۆمپانیاکە سێ کلینیک بۆ دەرچووانی بەشەکەیان بکاتەوە و لە مانگی نیسانی داهاتووشدا کۆنفرانسێکی فراوان لەسەر گژوگیاکان سازبکەن. هەروەها رایگەیاند، بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەشی هەنگەوانی دەکەنەوە و 40 قوتابی وەردەگرن تاوەکو بە شێوازی زانستی فێری بەخێوکردن و پەروەردەکردنی هەنگ ببن.
پەیمانگەی تەکنیکیی مێرگەسۆر لە ساڵی 2021 و لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە. پێشتر لە سێ بەشی سەرەکی (پەرستاری، دەرمانسازی گیایی و کارگێڕیی کار) پێکهاتبوو و 150 قوتابی تێیدا دەیانخوێند، بە کردنەوەی بەشی هەنگەوانیش ژمارەی بەشەکانی پەیمانگەکە بۆ 4 بەش زیادی کرد.




