انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

سوپای ئێران: هەر دەستێوەردانێکی ئەمریکا لە هورمز وەڵامی دەبێت

سوپای ئێران: هەر دەستێوەردانێکی ئەمریکا لە هورمز وەڵامی دەبێت
سیاسی
ئێران گەرووی هورمز

سوپای ئێران هۆشدارییەکانی بۆ ئەمریکا سەبارەت بە دەستێوەردان لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز نوێکردەوە و رایگەیاند، ئەگەر واشنتن دەستێوەردان بکات رووبەڕووی وەڵامی سەربازی دەبێتەوە. 

ئەبو فەزل شکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا کە ئاژانسی ئیرنا بڵاویکردەوە گوتی: "ئەمریکییەکان هەرگیز ناتوانن دەست لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز وەربدەن، ئەگەر دەستێوەردان بکەن رووبەڕووی لێدانەکانی ئێمە دەبنەوە و زەبرێکی توند دەخۆن."شکارچی روونیکردەوە، هیچ کەشتییەک ئەگەر لە دەرەوەی ئەو رێڕەوەی ئێران دیاریکردووە تێپەڕ ببێت، ئەمنییەتی نابێت.

شکارچی بانگەشەی ئەوەشی کرد، تاران تا ئێستا هێرشی نەکردووەتە سەر سەروەری هیچ وڵاتێکی دراوسێ و وەڵامەکانی ئێران تەنیا بەرژەوەندی و ناوەندەکانی ئەمریکای لەو وڵاتانە کردووەتە ئامانج.

شکارچی باسی لە گەشەکردنی سوپای ئێران لە ساڵانی رابردوودا کرد و روونیکردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئێستا لە جاران بەهێزترن. شکارچی بە هەڕەشەوە لە ئەمریکای گوت: "ئەمجارە وەڵامی سەرسوڕهێنەرمان بۆ دوژمن هەیە و بە بەکارهێنانی تەکنیکە سەربازییە نوێیەکان وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی ئەگەری دەدەینەوە."

دەستەی ئێرانی بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بە خاوەن کەشتییەکانی راگەیاند، نابێت رێگە بدەن کەشتییەکانیان بە زۆر بە رێڕەوی پەسەندنەکراودا تێپەڕ ببن. هۆشداریشی دا، ئەم کارە لەوانەیە زیانی دارایی و گیانی بە کەشتییەکان، خاوەنەکانیان، کاپیتانەکان و ستافەکانیان بگەیەنێت، جگە لەوەی لە داهاتوودا سنووردارکردن بۆ تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا دادەنرێت.

ئەم دەستەیە لە هۆشدارییەکدا بۆ خاوەن کەشتییەکان ئاشکرایکرد، راپۆرتیان پێگەیشتووە هەندێک لە بەکرێگران، کەشتییەکان ناچار دەکەن بە رێڕەوی پەسەندنەکراودا تێپەڕ ببن. جەختیشی کردەوە، لە ئەگەری سەلماندنی سەرپێچیی بەکرێگران، ناوی ئەو کۆمپانیایانە دەخرێتە لیستی سەرپێچیکاران و سنووردارکردن بۆ تێپەڕبوونی هەموو کەشتییەکانی ئەو کۆمپانیایانە بە گەرووی هورمزدا دادەنرێت.

پێشتر سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند، پێشنیازە نوێکەی تاران قبووڵ ناکات و گوتی: "ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات و منیش دەمەوێت رێککەوتن بکەم، بەڵام ئەو پێشنیازە قبووڵکراو نییە."ترەمپ پێی وایە تاران بە داخستنی گەرووی هورمز خۆی خستووەتە داوێکەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی گەورەترین گەمارۆی لە مێژووی سەربازیدا خستووەتە سەر ئێران.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە مەرجەکانی خۆی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پاشگەز نابێتەوە. گوتیشی: "مەرجەکانی تاران روونن و هەر هەنگاوێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە."ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێی هەڵوێستی کۆتایی واشنتن دەکەن کە لە رێگەی نێوەندگیەرەکانەوە پێیان دەگات.

تاران پلانی نوێی بۆ راگرتنی جەنگ و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی پێشکەش کردووە کە لە ساتەوەختی قبووڵکردنی لەلایەن واشنتنەوە دەست پێدەکات. ئەم پلانە چەند رێکارێکی دیاریکراو لەخۆ دەگرێت کە دەبێت لایەنی ئەمریکی جێبەجێیان بکات، لەوانەش هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران و ئازادکردنی بەشێک لە سەرمایە بەستەڵەککراوەکانی دەرەوە.

گەرووی هورمز بووەتە تەوەرێکی سەرەکیی پێکدادانی نێوان واشنتن و تاران، بەتایبەت دوای ئەوەی ئازادیی هاتوچۆ لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە رەوتی جەنگ و دانوستانەکان. ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، نابێت ئێران کۆنترۆڵی ئەو رێڕەوانە بکات کە دەچنە سەر گەرووی هورمز، لەنێویاندا ئەو رێڕەوانەی بەناو خاکی عوماندا تێپەڕ دەبن، یان باج لەسەر ئەو کەشتییانە دابنێت کە بەکاریان دەهێنن. ئێران داوا دەکات کەشتییەکان مۆڵەت وەربگرن و بەو رێڕەوە دەریاییەدا بڕۆن کە تاران پەسەندی کردووە.

 
 
لاڤین عومەر ,
المصدر: krd24.net — عبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة