سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئیبراهیم فەوزی ئیسماعیل، یەکێک لە فەرماندەکانی بزووتنەوەی حەماس، لەگەڵ محەمەد کامل سولەیمان موحسین، ئەندامی هەمان بزووتنەوە، لە کەرتی غەززە کوژراون.
شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، ئەو دوو کەسەی لە هێرشەکەدا کوژراون، لە ماوەی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشیان لە دژی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل ئەنجامدابوو، هاوکات کاریان بۆ بووژاندنەوەی تواناکانی حەماس دەکرد. لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە ناوبراوان ئاگربەستیان پێشێل کردووە و کردەوەی بە ئامانجگرتنیان بە مەبەستی نەهێشتنی ئەو مەترسییە بووە کە دروستیان کردبوو.
لەم دواییانەدا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕتر کردووەتەوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی چەندان کەس لەوانەی بە ئەندامانی باڵای حەماس ناوزەندیان دەکات. لەم هەفتەیەشدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی ناوەستێت تا ئەو کاتەی کۆتایی بە بوونی حەماس لە کەرتی غەززە دەهێنێت.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ناکۆکییەکان لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی ئاگربەست و رێکخستنەکانی تایبەت بە قۆناخی داهاتوو بەردەوامن، بەتایبەت لە پرسەکانی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و دەستبەکاربوونی لیژنەی نیشتمانی بۆ ئیدارەدانی کەرتی غەززە.
لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە جەنگی ئیسرائیل دژی حەماس لە کەرتی غەززە بەردەوامە، بە هۆیەوە تا ئێستا کوژرانی زیاتر لە 73 هەزار فەڵەستینی و برینداربوونی زیاتر لە 174 هەزاری دیکە لێکەوتووەتەوە، هەروەها بووەتە هۆی وێرانبوونی نزیکەی 90%ـی ژێرخانی مەدەنیی کەرتی غەززە.




