وەزیرانی نەوت و دارایی عێراق، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنی رەشنووسی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027، میکانیزمی دیاریکردنی نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوتیان لەسەر بنەمای گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانیی وزە و بارودۆخی ئابووری تاوتوێ کرد، هەروەها گفتوگۆیان لە بارەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست کرد.
شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوت، لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە و، میکانیزمی دیاریکردنی نرخی بەرمیلێک نەوتیان لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 تاوتوێ کرد.
بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی نەوت، لە کۆبووەوەکەدا بە وردی تاوتوێی شیاوترین میکانیزم بۆ دیاریکردنی نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو کراوە، بە شێوازێک کە یارمەتیدەر بێت بۆ داڕشتنی رەشنووسی بودجە لەسەر بنەمای واقیعی و زانستی، کە یەکانگیر بێت لەگەڵ گۆڕانکاری و ناجێگیرییەکانی بازاڕی نەوت و هەلومەرجی ئابووریی جیهانی و ناوخۆیی.
هەروەها هەردوو وەزیر باسیان لە زیادکردنی بڕگەیەکی تایبەت بە کەرتی کارگێڕی کردووە لە رێکارەکانی ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەدا، کە پەیوەستە بە "بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، لەگەڵ دامەزراندنی دەرچووانی پەیمانگاکانی نەوت"، بە جۆرێک کە رۆڵی هەبێت لە رێکخستنەوەی سەرجەم دۆسیە کارگێڕی و وەزیفییەکانی پەیوەست بە کەرتی نەوت لە سەرتاسەری وڵاتدا.
هەردوولا وەک ئەوەی لە راگەیەنەراوەکەدا هاتووە، جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاریی چڕی نێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی کردەوە، تاوەکوو هەنگاوەکان بەرەو تەواوکردنی رەشنووسی بودجەی گشتیی 2027 بە پێی رێکار و چوارچێوە یاساییە پەسەندکراوەکان بگەنە ئەنجامی کۆتایی.




