انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

پەیامنێری: هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 داوای بەرزکردنەوەی پشکەکەی بۆ 14.67% دەکات

پەیامنێری: هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 داوای بەرزکردنەوەی پشکەکەی بۆ 14.67% دەکات
سیاسی
کوردستان

ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 بە قەبارەی نزیکەی 200 ترلیۆن دینار و کورتهێنانی 70 ترلیۆن دینار گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی؛ بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری لە بەغدا، پرسی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە نێوان 12.67% بۆ 14.67% و هەڵوەشاندنەوەی مەرجی ئینفاقی فیعلی دوو گرنگترین خاڵی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدان، و بڕیارە شاندێکی هەرێم بەمزووانە سەردانی بەغدا بکاتەوە.

شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری ""لە بەغدا، ئاشکرای کرد، دوابەدوای گەڕانەوەی وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک، لیژنەی تایبەتمەندی نووسینەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لە وەزارەتی دارایی کۆبوونەوەکانی چڕ کردووەتەوە تاوەکو بەپێی وادەی دیاریکراو، پڕۆژەکە تا 15ـی تشرینی یەکەم لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند بکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، قەبارەی گشتیی بودجەی 2027ی عێراق بە نزیکەی 200 ترلیۆن دینار و قەبارەی کورتهێنانیش لە نێوان 65 تا 70 ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت. هەروەها بەهۆی دۆخی ناجێگیری هەناردەکردن و گرژییەکانی گەرووی هورمز، نرخی نەوت لە نێو پڕۆژەکەدا لە نێوان 55 بۆ 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاری دەکرێت.

پەیامنێری ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئەرێنیبوونی کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ئەم دواییە، دوو کێشەی سەرەکی هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە رەشنووسەکەدا دەیەوێت مامەڵەی ئینفاقی فیعلی لەگەڵ شایستەکانی هەرێم بکات، لە کاتێکدا شاندی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی ئەم بڕگەیە بە تەواوی لاببرێت، چونکە هۆکاری سەرەکیی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بووە لە رابردوودا.

هەروەها هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەپێی دواین داتاکانی سەرژمێریی گشتی پشکەکەی بۆ 14.67% بەرز بکرێتەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تا ئێستا پشکی هەرێمی بە 12.67% دیاری کردووە.

خاڵێکی دیکەی گفتوگۆکان پەیوەستە بە دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست، کرێی ڕۆژانە و دەرچووانی پەیمانگاکانی نەوت، کە هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەپێی رێژەی شایستە، ئەو دەرفەتانە دەرچووان و کارمەندانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و لە بودجەدا جێگیر بکرێت.

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، شاندی باڵا و تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەنەوە، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ئەم خاڵانە و داڕشتنی دەقی کۆتایی پێش ئەوەی پڕۆژەکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دەنگی لەسەر بدرێت.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.net — عبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة