وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نیویۆرک رایگەیاند, ئەنقەرە هەماهەنگیی سەربازی و تەکنیکی لەگەڵ سعوودیە و پاکستان گەیاندووەتە قۆناخێکی باڵا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی سەر خاکی سعوودیە، و کاندیدی پاکستان بۆ سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەکە پەسەند دەکرێت. هاوکات جەختیشی کردەوە ئیسرائیل بەهۆی کۆمەڵکوژییەکانییەوە باجێکی مێژوویی قورس دەدات و دادگایی دەکرێت.
شەممە 26ی ئەیلوولی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی 81ەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان سەرنجی خستە سەر کۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دیدارەکەی بە باش و گرنگ وەسف کرد.
فیدان ئاشکرای کرد کە پرسی شنگال تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو سەرکردە بووە و گوتی: "بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە دەبینین کە لایەنی عێراقی ئامانجێکی سیاسیی داناوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی هەموو گرووپە چەکدارەکان لە وڵاتەکەدا؛ ئەمە دیدگایەکە کە ئێمە بە تەواوی پشتیوانیی لێ دەکەین. لە سەرووی هەمووشیانەوە، وەرگرتنەوەی چەک لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکە و گرووپەکانی سەر بە ئەودان، بەتایبەت لە شنگال، هەنگاوێکی زۆر بنەڕەتی و گرنگە."
سەبارەت بە چارەنووسی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە باکووری عێراق، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، سەربازگەی باشیک لە بنەڕەتدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەسەر بانگهێشتی لایەنی عێراقی دروستکراوە، و گوتیشی: "هەر کاتێک نەخشەڕێگاکەی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر و چەکدارکردنی گرووپەکان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تورکیاش دەست دەکات بە کەمکردنەوەی بوونی سەربازیی خۆی لە باشیک بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ تا ئەوکاتەی بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنێت."
هاکان فیدان جەختی کردەوە کە ئەردۆغان ئیرادەی نەگۆڕی ئەنقەرەی لەم بارەیەوە گەیاندووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و رایگەیاند: "بە کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپی چەکدارەکان لە شنگال، بێگومان ئێمەش هەنگاوی کردەیی و ئەرێنی بۆ کشانەوەی هێزەکانمان دەگرینەبەر."
فیدان ئاشکرای کرد، دوێنێ سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا لە ریاز بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی هەستیاری سەربازی و تەکنیکیدا کردووە و گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپامان گفتوگۆم کرد تا بڕیارە تەکنیکییەکان لەگەڵ دیدگای سیاسیی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمار یەکانگیر بکەین. سوپای تورکیا هێزێکی زۆر پیشەگەر و خاوەن ئەزموونە و ئامادەکاریی تەواوی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە مەترسییەک، و رێکارە سەربازییەکان لە قۆناخێکی زۆر باشدا بەڕێوە دەچن."
لە تەوەرێکی دیکەدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش کرد لە نێوان تورکیا، سعوودیە و پاکستان و رایگەیاند: "پاکستان کاندیدێکیان بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەکە پێشنیاز کردووە، و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەلایەن وڵاتانی ئەندام و لە نێویاندا خودی تورکیاوە پەسەند دەکرێت. دوای دەستبەکاربوونی سکرتێری گشتییش، هەنگاوەکانی دابەشکردنی پۆست و کادیرە سەربازی و تەکنیکییەکان دەستپێدەکات."
سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکانی ئیسرائیل، هاکان فیدان دووپاتی کردەوە کە ئیسرائیل چیدی ناتوانێت بەبێ وەڵام و لێپێچینەوە لە تاوانەکانی بەردەوام بێت و گوتی: "ستەم و کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل وەک پێشتر بێ وەڵام تێناپەڕن؛ لە سایەی هەوڵە دیپلۆماسییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان، ئیسرائیل ناچار دەکرێت باجێکی یەکجار قورس بدات.
گوتیشی: ئەمڕۆ تەلئەڤیڤ لە بەردەم دادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ) و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و رێکاری سزای قورسی یاساییدایە، کە پێشتر هەرگیز رووبەڕووی دۆخێکی لەم شێوەیە و دابڕانێکی نێودەوڵەتیی وا نەبووەتەوە."




