انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

لاڤرۆڤ: ئەمریکا سیستەمی ئاسایشی ئەوروپای وێران کردووە

لاڤرۆڤ: ئەمریکا سیستەمی ئاسایشی ئەوروپای وێران کردووە
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووسیا فەڵەستین

وەزیری دەرەوەی رووسیا، رایگەیاند: بەکارهێنانی هێز بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەندامانی خێزانەکەی، کارێکی تەواو قبووڵنەکراو بوو. هاوکات دەستپێشخەرییەکی نوێی مۆسکۆی بۆ چارەکردنی قەیرانی گەرووی هورمز و هێنانەدیی ئاشتی لە ناوچەی کەنداو راگەیاند.

شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، کۆمەڵێک هەڵوێستی توندی سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی نێودەوڵەتی، قەیرانی ئۆکرانیا و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە ڕوو.

لاڤرۆڤ لە دەستپێکی گوتارەکەیدا رەخنەی توندی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت و رایگەیاند: ئەوروپا بە شێوازێکی مەبەستدار کار لەسەر پەکخستن و رێگریکردن لە دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیادا دەکات، هەروەها سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا بیرۆکەی توندڕەوانە دژ بە ڕووسیا پەیڕەو دەکەن و بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە رژێمی کیێڤ دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژئاوا بەردەوامە لە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا و هاوکاریکردنی لە ئاراستەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک دژ بە هاووڵاتییانی سڤیل. 

وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختیشی کردەوە کە، ئەمریکا بە تەواوەتی سیستەمی ئاسایشی ئەوروپای وێران کرد و لە ئۆکرانیادا قەوارەیەکی دوژمنکاری دژ بە رووسیا دروستکرد؛ سەرەڕای ئەمانەش تەواوی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئۆکرانیا دەپێکرێن، هەڕەشەکان لەسەر ئاسایشمان لادەبرێن و ئاشتی دەگەڕێتەوە.

سەبارەت بە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ئێران، لاڤرۆڤ هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی دەربڕی و گوتی: بەکارهێنانی هێز بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران و ئەندامانی خێزانەکەی، کارێکی تەواو قبووڵنەکراو بوو.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گورزێکی قەرەبوونەکراو بوو لە پێگە و دەسەڵاتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.

لاڤرۆڤ دەستپێشخەرییەکی فەرمیی وڵاتەکەی خستەڕوو و رایگەیاند: ئێمە دەستپێشخەرییەکمان بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەی کەنداو و یەکلاکردنەوەی قەیرانی گەرووی هورمز راگەیاندووە؛ چونکە پێکدادانە چەکدارییە دووبارەبووەکان لە کەنداو و گەرووی هورمز بەردەوامن و زیانی گەورەیان بە کەشتیوانی و بازرگانیی جیهانی گەیاندووە، بۆیە دەبێت چارە بکرێن و متمانە لە نێوان وڵاتانی کەنداو، عەرەبی و ئێراندا بنیات بنرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا لەسەر دۆسیەی فەڵەستین، وەزیری دەرەوەی رووسیا هۆشداریی دا و گوتی: دانەمەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی وادەکات ئاسایشی ئیسرائیل هەمیشە لەژێر هەڕەشەی بەردەوامدا بمێنێتەوە.

لاڤرۆڤ رەخنەی لە زیادبوونی چالاکییە نیشتەجێکارییەکانی ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا گرت و ئاماژەی بەوە دا، ئەنجوومەنی ئاسایش نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر پلانی ئاشتیی بۆ کەرتی غەززە پەسەند کردووە، بەڵام بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی دووفاقییەوە تا ئێستا ئاشتی بە دی نەهاتووە.

وەزیری دەرەوەی رووسیا، تیشکی خستە سەر دۆسیە نێودەوڵەتییەکانی دیکە و داوای لە واشنتن کرد سەرجەم سنووردارکردنە بازرگانییەکانی سەر کووبا هەڵبوەشێنێتەوە و ناوەکەی لە لیستی وڵاتانی پشتیوانیکاری تیرۆر بسڕێتەوە؛ هاوکات بە فەرمی داوای کرد کە سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی دەستبەجێ ئازاد بکرێن و لە داهاتوودا پێشێلکاریی لەو شێوەیە بەرانبەر سەرکردە شەرعییەکان دووبارە نەبێتەوە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.net — عبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة