بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەمریکا لەم ماوەیەی دواییدا لە رێگەی هەڵمەتێکی دیپلۆماسی و دارایی بەرفراوانەوە فشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر ئێران بە خێرایی چڕکردووەتەوە، بە ئامانجی ناچارکردنی هاوبەشە بازرگانییەکانی تاران بۆ ئەوەی لە نێوان بەردەوامیدان بە مامەڵەکانیان لەگەڵ تاران و رووبەرووبوونەوەی سزاکان، یان پاراستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتندا، یەکێکیان هەڵبژێرن.
شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ئاشکرایکردووە،، جۆناسان بێرک، بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، لەم مانگەدا سەردانی چەندین وڵاتی کردووە بۆ ئەوەی روونیبکاتەوە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران سزای توندی ئەمریکای بەدوادا دێت. بێرک رایگەیاندووە، هاوبەشەکانی ئەمریکا ئێستا بە شێوەیەکی زۆر جدیتر لە جاران مامەڵە لەگەڵ سزا و فشارەکانی سەر تاران دەکەن.
لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین رێکاری توند بەرامبەر بە دەمارە سەرەکییەکانی ئابووریی ئێران گیرانەبەر، لەوانە:بێبەشکردنی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئێران لە بەشێک لە هێڵە ئاسمانییە گرنگەکانی ناوچەکە، قەدەغەکردنی مامەڵەکانی گەورەترین بانکی بازرگانیی ئێران لە ئیمارات و تورکیا، هەروەها بەردەوامیی سزاکانی ئەمریکا و گەمارۆی دەریایی بەسەر تاراندا.
لەو بارەیەوە، شارەزایانی یاسایی و بانکی رایانگەیاند،، ئاستی ئێستای فشارەکان بۆ سەر کەرتی بانکی و فڕۆکەوانیی ئێران بەهێزترینە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، و کاریگەرییەکانیشی زۆر خێراتر لە هەڵمەتەکانی پێشوو دەرکەوتوون.
هاوکات چەندان وڵات بەشدارییان لە فشارەکانی ئەمریکادا کردووە، لەوانە:عومان سەرەتا گەشتەکانی کۆمپانیای "ماهان ئێر"ی قەدەغە کرد و دواتریش بەهۆی کارابوونی کۆتوبەندە نوێیەکانی ئەمریکاوە، بڕیارەکەی فراوانتر کرد تا هەموو کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئێران بگرێتەوە، هەروەها ئیمارات لقی "بانکی میللیی ئێران"ی لە ئەنجامدانی هەر مامەڵەیەکی پەیوەندیدار بە تاران قەدەغە کرد، هاوکات بڕیاری دا هەموو گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ وڵاتەکەی رابگرێت.
دوا بەدوای ئەوان تورکیا گەشتەکانی هێڵی "ماهان ئێر"ی هەڵوەشاندەوە و مۆڵەتی چالاکیی "بانکی میللەت"یشی هەڵپەسارد کە رۆڵێکی گرنگی لە ئاسانکاری بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتدا هەبوو، هاوکات ئازەربایجان و جۆرجیا ئاسمانی وڵاتەکانیان لەبەردەم فڕۆکە ئێرانییەکاندا داخست، دواتریش بەریتانیا رایگەیاند، بەخشینە داراییەکانی تایبەت بە کارکردنی هەندێک بانکی ئێرانی لە لەندەن نوێ ناکاتەوە، ئەوەش لە مانگی داهاتوودا بە کرداری دەبێتە هۆی داخرانی لقی بانکی میللی لەو وڵاتە.
پێشنیاری ئێران بۆ هێورکردنەوەی کاتی
لە بەرامبەردا و لە هەوڵێکدا بۆ سووککردنی بارگرانییە ئابوورییەکان، ئێران پێشنیاری کردووە هێرشەکانی سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز یان بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی 7 رۆژ رابگرێت، بەو مەبەستەی دەرفەتێکی هەناسەدان بۆ ئابووریی وڵاتەکە پەیدابکات و بەشێک لە سزاکانی لەسەر کەمبکرێتەوە. بەڵام ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێداگری لەسەر بەردەوامیی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دەکات و پێیوایە کاتی ئەوە هاتووە ئێران ناچار بە گۆڕینی رەفتارەکانی بکرێت.
هەروەها بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا جەختیانکردەوە،، سەرکەوتنی ئەم هەڵمەتە داراییە بەندە بە پاراستنی فشارەکان لە بەرزترین ئاستدا، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لەوەی ئێران بتوانێت هیچ رێگەیەکی بەدیل بۆ پەیوەندیکردن بە سیستمی دارایی جیهانی بدۆزێتەوە.




