انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

باڵیۆزی عێراق لە تاران: لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانین لەگەڵ ئێران

باڵیۆزی عێراق لە تاران: لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانین لەگەڵ ئێران
سیاسی
عێراق باڵیۆزی عێراق لە تاران راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان

باڵیۆزی عێراق لە تاران رایگەیاند: راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران، کاریگەری لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروست ناکات. هاوکات ئاشکرای کرد، بەغدا لە پەیوەندی و هەوڵی چڕ و بەردەوامدایە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا جووڵەی فڕۆکەوانی بگەڕێنێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، یاسر حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە تاران، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە، ئاماژەی بەوە کرد، "حکوومەت لە سۆنگەی پەرۆشیی بۆ بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی عێراق و ئێران و لەپێناو ئاسانکاریکردن بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیارانی نێوان هەردوو وڵات، بەردەوامە لە پەیوەندییە چڕەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی تەواوەتیی گەشتە ئاسمانییەکان".

باڵیۆزی عێراق روونی کردەوە، وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران بارودۆخێکی کاتییە و بە هیچ جۆرێک کار لە پەیوەندییە مێژوویی و پتەوەکانی نێوان هەردوو وڵات ناکات؛ بەغدا پێداگرانە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە و کارکردن لەسەر گەڕانەوەی جووڵەی فڕۆکەوانی لە نزیکترین کاتدا.

حەجاج، لە درێژەی گوتەکانیدا، تیشکی خستە سەر رەهەندە مرۆییەکانی دۆسیەکە و گوتی: "گرنگیی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان تەنیا پەیوەست نییە بە کەرتی گەشتیارییەوە، بەڵکوو پەیوەستە بە ژیانی توێژێکی یەکجار فراوانی عێراقییە نیشتەجێبووەکان و قوتابییان لە ئێراندا، بە تایبەت کە ئێستا نزیکەی 100هەزار قوتابی عێراقی لە دامەزراوە فێرکارییەکانی ئێراندا دەخوێنن، سەرباری بوونی رەوەندێکی گەورەی عێراقی کە بە سەدان هەزار کەس دەخەمڵێندرێت، لەگەڵ هەزاران گەشتیار کە رۆژانە لە رێگەی فڕۆکەخانەکان و دەروازە جیاوازەکانەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هاتوچۆ دەکەن."

هاوکات دووپاتی کردەوە، بەردەوامیی رەوتی هاتوچۆی ئاسمانی پێویستییەکی مرۆیی و کردەییە بۆ ئاسانکردنی جووڵەی قوتابییان، ئەندامانی رەوەندی عێراقی و سەردانیکەران، جیا لەوەی فاکتەرێکی بنەڕەتییە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی نێوان هەردوو گەل.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە کەناڵی "سی ئێن بی سی"، راگەیاندبوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی گوشارە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر تاران، لە رۆژی 23ـی ئەیلوولەوە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا لە کارکردن دەخات.

بێسێنت هۆشداریی دابوو کە لە ئەگەری نیشتنەوەی هەر فڕۆکەیەکی ئێرانیدا، نابێت هیچ فڕۆکەخانەیەک سووتەمەنی و خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان بۆ دابین بکات یان تکتی گەشتیان پێ بفرۆشێت، چونکە هەر لایەنێک ئەو کارە بکات دەستبەجێ لە سیستەمی دارایی دۆلاری ئەمریکی بێبەش دەکرێت و سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت.

 
 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.net — عبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة