بریکاری وەزارەتی ئاودانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵدا، روونی کردەوە کە سیستەمی ئێستای دیزاینی ڕێگۆبانەکان لە هەرێم، سیستەمی ئاشتو 1993یە، ئێستا لە زۆربەی وڵاتان خەریکە کارکردن بەو سیستەمە دەوەستێت لەبەر ئەوەی پێویستی بە نوێکردنەوە و گونجاندن لەگەڵ تەکنەلۆژیای نوێ هەیە.
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، ئاگرین عەبدولا، بریکاری وەزارەتی ئاودانکردنەوە و نیشتەجێکردن گوتیشی؛ لە هەرێمی کوردستان کار بۆ بەکارهێنانی سیستەمێکی نوێی دیزاینی رێگاوبانەکان بە ناوی (پەیڤ مێنت می) دەکرێت، سیستەمێک کە دەتوانێت لە دیزاینکردنی چینەکانی رێگا، بەکارهێنانی داتا و جۆری خاک و بارودۆخی ترافیک، کاریگەری لە کوالێتی و درێژکردنەوەی تەمەنی رێگاکان هەبێت.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جەختی کردەوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ بەکارهێنانی ئەم سیستەمە نەدراوە، چونکە پێویستی بە کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتای تایبەت بە خاک و ترافیکی هەرێم هەیە. بەڵام وەزارەتەکەیان هەموو هەوڵێکی خستۆتەگەڕ بۆ باشترکردنی کوالیتی رێگاوبانەکان و ئەم سیستەمەش یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانیان دەبێت لە کەرتی رێگاوبان.
ئاماژەی بەوە کرد، بەکارهێنانی سیستەمێکی پێشکەوتوو دەتوانێت لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە هۆی باشترکردنی کوالێتی و کەمکردنەوەی تێچووی دروستکردن و چاککردنەوەی ڕێگۆبانەکان لە هەرێمی کوردستان.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆری بە سێکتەری رێگەوبان داوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێکراون. جگە لە تەواوکردنی زیاتر لە 800 پڕۆژەی رێگاوبان بەستنەوەی شار و گوندەکان بەیەكەوە، هاوکات سەدان پڕۆژەی دیکەی گرنگیش لە ژێرجێبەجێکردندان.




