انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ئەبو ئالا وەلائی داوای رەتکردنەوەی گەمارۆی سەر ئێران دەکات

ئەبو ئالا وەلائی داوای رەتکردنەوەی گەمارۆی سەر ئێران دەکات
سیاسی
عێراق میلیشیا عێراقییەکان

ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا، لە نامەیەکی تونددا داوای لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق کرد هەڵوێستێکی فەرمیی رەتکەرەوە بەرانبەر بە گەمارۆکانی سەر ئێران نیشان بدەن. 

ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "مێژوو ناوی ئەوانەی بە رەشترین لاپەڕەکانی تۆمار کردووە کە گەمارۆی خێمەکانی حوسێن و شەعبی ئەبو تالیبیان دا، ئەو رۆژەی ئاو و هۆکارەکانی ژیانیان لە ئافرەتان، منداڵان و بەساڵاچووان قەدەخە کرد."

ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا بەشداریی عێراق لە گەمارۆی سەر ئێرانی بە نەشیاو وەسف کرد و رایگەیاند، عێراق نابێت بەشێک بێت لە گەمارۆیەکی نادادپەروەرانە بۆ سەر ئێران، کە بە گوتەی ئەو خاکی زانست و جیهاد و حەوزەکان و سەردانیکەرانی چلەی ماتەمینییە. وەلائی جەختیکردەوە، لە باوەشگرتنی جەستەی حوسێن بەبێ پەیڕەوکردنی بەها و بنەماکانی تەواو نابێت و ئاماژەی بەوە کرد، ئیمامی حوسێن، رازی نابێت بەوەی بەسەر شیعە و خۆشەویستەکانیدا بهێنرێت کە بەسەر ئەهلی بەیتیدا لە کەربەلا هێنرا.

وەلائی گوتیشی؛ عێراق کە دروشمی 'لەیبەک یا حوسێن' بە بەرنامە و هەڵوێست هەڵدەگرێت، پێویستە لە هەڵوێستەکانیدا بڵێت نەخێر بۆ گەمارۆ و نابێت خاکی حوسێن بکرێتە رێگەیەک بۆ ستەمکردن لە شیعە و خۆشەویستەکانی.

وەلائی داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کرد کار بۆ دەرکردنی بڕیارێک بکەن کە حکوومەت پابەند بکات بەوەی نەچەمێتەوە بۆ ئیرادەی جەنگی ئەمریکا، هاوشێوەی ئەو هەڵوێستانەی وڵاتانی وەک رووسیا و چین گرتیانە بەر لە رەتکردنەوەی گەمارۆ و سیاسەتی سەپاندنی ئیرادە.

ئەم راگەیەندراوە لە کاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف رایگەیاند، بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هاتوو و رۆشتوو لەگەڵ ئێران تا ئاگادارییەکی دیکە راگیراون. بڕیارەکە دوای ئەوە دێت، ماوەی دیاریکراوی ئەمریکا بۆ مامەڵەکانی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران لە 23ـی ئەیلوول کۆتایی هات، کە واشنتن سزای گشتگیری بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران و 27 کۆمپانیادا سەپاند و هۆشداری دا لە سزادانی هەر لایەنێک خزمەتگوزاری پێشکەش بە فڕۆکە ئێرانییەکان بکات.

پێشتریش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە بەرەبەیانی چوارشەممەی رابردوو، پێشوازیکردنی لە فڕۆکە ئێرانییەکان راگرت، دوای ئەوەی کۆمپانیاکانی مینزیس و ناسـی بەریتانی بۆ خزمەتگوزارییە زەمینییەکان، لە ترسی سزاکانی ئەمریکا رەتیان کردەوە خزمەتگوزاری پێشکەش بە فڕۆکە ئێرانییەکان بکەن. بەمەش فڕۆکەخانەی نەجەف، کە تاکە دەروازەی ئاسمانیی مابووەوە، ئێستا بەڕووی گەشتەکانی ئێراندا داخراوە.

 
لاڤین عومەر ,
المصدر: krd24.net — عبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة