سەرۆکی رووسیا پێشوازیی لەو دانوستانانە کرد کە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین کران.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا روونیکردەوە، دەرەنجامی تێگەیشتنەکانی نێوان ئەو دوو زلهێزە ئابوورییەی جیهان، سنووری هەردوو وڵات دەبەزێنێت و کاریگەریی لەسەر ئابووریی جیهان و رووسیاش دەبێت.
پووتین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەمریکا و چین دوو زلهێزی ئابووریی جیهانن. ئەو کێشانەی بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە دروست بوون، بەو رێککەوتنانە چارەسەر دەبن و کاریگەرییان لەسەر تەواوی ئابووریی جیهان و رووسیاش دەبێت.
سەرۆکی رووسیا گوتی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان رووسیا و چین گەیشتووەتە نزیکەی 240 ملیار دۆلار و جەختیدەکاتەوە لەسەر بەردەوامیی گەشەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات.
پووتین و شی لەمساڵدا چەندجارێک کۆبوونەتەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابووری و ستراتیژییەکانی نێوان مۆسکۆ و پەکین، بەرپرسانی رووسیاش رایانگەیاندووە، پێشبینی دەکەن لە ساڵی 2026 ژمارەی پێوانەیی نوێ لە بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات تۆمار بکرێت.
لێدوانەکانی پووتین لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەدا دێت کە دوای کۆبوونەوەی ترەمپ و شی لە کۆشکی سپی بڵاوکرانەوە، کە لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیی سەرۆکی چین بۆ ئەمریکا لە نێوان 23 بۆ 25ی ئەیلوول کران.
دانوستانەکانی ترەمپ و شی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، دۆسیە ئابووری و بازرگانییەکان، زیرەکیی دەستکرد و ژمارەیەک پرسی نێودەوڵەتی و هەرێمییان لەخۆ گرت. شی رایگەیاند: "هەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر بنیاتنانی پەیوەندییەکی بنیاتنەرانەی سەقامگیریی ستراتیژی". شی داوای کرد ئەو تێڕوانینە بکرێتە هەنگاوی کردەیی، بەجۆرێک هاریکاری ببێتە رێڕەوی سەرەکی، رکابەرایەتی لە چوارچێوەیەکی گونجاودا بمێنێتەوە و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات چارەسەر بکرێن.
ترەمپ رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمدا جارێکی دیکە لە چین و پاشان لە مانگی کانوونی یەکەمدا لە لوتکەی گرووپی 20 لە میامی لەگەڵ شی کۆدەبێتەوە. ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا و چین دەستکەوتی زۆریان هەبووە و لە داهاتووشدا زیاتر بەدەست دەهێنن. هەروەها کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی چین بە کۆبوونەوەیەکی پڕ لە دۆستایەتی و هێز و سەرکەوتن بۆ هەردوو وڵات ناو برد.
سەردانەکەی شی بۆ ئەمریکا کۆتایی هات. بەپێی رۆیتەرز، دەرەنجامی لوتکەکە بەردەوامیی پەیوەندییە راستەوخۆکانی نێوان واشنتن و پەکینی دەرخست، بەبێ ئەوەی باسی هیچ پێشکەوتنێکی گەورە لە دۆسیە ناکۆکەکاندا بکرێت.




