انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

عێراقچی: لە رێگەی قەتەرەوە نەخشەڕێگەیەکی حەفت رۆژەمان بۆ ئەمریکا ناردووە

عێراقچی: لە رێگەی قەتەرەوە نەخشەڕێگەیەکی حەفت رۆژەمان بۆ ئەمریکا ناردووە
سیاسی
ئێران قەتەر ئەمریکا ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: لە رێگەی  قەتەرەوە نەخشەڕێگەیەکی حەفت رۆژەیان ئاراستەی ئەمریکا کردووە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز، بە مەرجێک واشنتن دەست لە سزای ئابووری و هەڕەشە هەڵبگرێت.

هەینی، 25ـی ئەیلوولی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک گوتی: وڵاتەکەی سەرباری پێشێلکارییەکانی ئەمریکا، دەرگای دیپلۆماسییەتی بە کراوەیی هێشتووەتەوە و لە رێگەی دەوڵەتی قەتەرەوە پلانێکی حەفت رۆژەی بۆ چارەکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە ئاراستەی واشنتن کردووە.

عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد،  بە پێی پلانەکە، مۆڵەتە حەفت رۆژەییەکە دەستپێدەکات هەر کە ئەمریکا رەزامەندی لەسەر پێشنیازەکە دەربڕی، هەروەها لە رۆژی شەشەمی مۆڵەتەکەدا گەرووی هورمز دەکرێتەوە و، لە رۆژی حەفتەمیشدا دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دەستپێدەکەن.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی کردەوە، ئەگەر واشنتن جیددی بێت، جێبەجێکردنی ئەم پابەندبوونانە هیچ سەختییەکی تێدا نییە و ئێستا "تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە".

سەبارەت بە ئاسایشی کەشتیوانی، عێراقچی دووپاتی کردەوە، ئێران بەردەوام پابەند بووە بە دابینکردنی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و دەوروبەری لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنەکان، بەڵام ئەمریکا ئەو ڕێککەوتنانەی پێشێل کردووە.

ئەو هۆشداریی دا، کە گەڕاندنەوەی ئاسایشی کەشتیوانی لە رێگەی ڕێکارە سەربازییەکانەوە بە دی نایەت و، ناسەقامگیریی ئێستای گەرووی هورمز دەرئەنجامی راستەوخۆی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی واشنتن و گوتی: "ئەوەی ئەمریکا دەیکات دیپلۆماسی نییە، بەڵکو جەنگێکی ئابوورییە، ئەمریکا بێبەشکردنی ئابووری وەک ئامرازێک بۆ سزادانی بە کۆمەڵ و فشاری سیاسی بەکاردەهێنێت، ئەمەش بێبایەخکردنێکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە."

عێراقچی هەروەها وەڵامی گوتارەکانی دۆناڵد ترەمپ و بینیامین ناتانیاهۆی لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دایەوە و رایگەیاند: هەوڵیان داوە لەو مینبەرەوە راستییەکان بشێوێنن و وێنەی قوربانی و دەستدرێژیکار پێچەوانە بکەنەوە.

جەختی کردەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن ئەو تاوانانە پەردەپۆش بکەن کە دژی گەلی ئێران ئەنجامیان داوە، بە تایبەتی هێرشەکانی ئەمریکا کە بوونە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا، پابەندبوونی ئێران بە دیپلۆماسییەوە، لەو دانوستانانەدا رەنگی داوەتەوە کە پێشتر بوونە هۆی واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.net — عبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة