هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، لە ساڵیادی ئەنجامدانی ریفراندۆمی مێژوویی سەربەخۆیی کوردستاندا، شەقام و بازاڕەکانی شار و شارۆچکەکان لە هەولێرەوە تا بادینان پڕن لە یادەوەریی شکۆمەندانەی 25ی ئەیلوول؛ کاسبکاران، لاوان و هاووڵاتییان لە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشی نەتەوەییدا دووپاتی دەکەنەوە کە دەنگدان بە سەربەخۆیی مافێکی سروشتی و دەستووری بووە، و ئیرادەیەکە بە هیچ فشارێک لە بیرەوەریی میللەتدا ناسڕدرێتەوە.
بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و گردبوونەوە لە شوێنە مێژووییەکانی وەک بەردەم قەڵای هەولێر و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە کە تێیدا زیاتر لە 93%ـی خەڵک دەنگیان بە "بەڵێ"بۆ سەربەخۆیی دا. بەشداربووان ئەو ساتەوەختە بە جەژنێکی نەتەوەیی و وەرچەرخانێکی مێژوویی دەزانن و بە بەهای رێککەوتننامەی مێژوویی 11ـی ئاداری 1970ـی بەراورد دەکەن کە هەموو دەنگەکان تێیدا یەکدەست بوون.
لە نێو بازاڕ و لە دەمی کاسبکاران و خەڵکی ئاساییەوە، یەک پەیامی هاوبەش دووپات دەبێتەوە؛ هاووڵاتییان دەڵێن: "رۆژی ریفراندۆم رۆژێکی بێوێنە و پیرۆز بوو، وەک کەیف و سەیران وابوو؛ تەنانەت ئەگەر سبەی بێت یان دەیان، سەدان و سەد هەزار جاری دیکەش ئەو پرۆسەیە لە تەمەنماندا دووبارە ببێتەوە، بەوپەڕی شانازییەوە بە هەر دە پەنجەمان هەر دەڵێین بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان."هاووڵاتییەکی بەتەمەنیش ساتەوەختی دەنگدانەکەی بە لەدایکبوونەوەی دووبارە ناوبرد.
هاووڵاتییان ئاماژە بەوە دەکەن، ریفراندۆم مافێکی مرۆیی سەرەتایی بووە و لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا وەک مافی چارەی خۆنووسینی گەلان چەسپێنراوە. باس لەوە دەکەن هۆکاری سەرەکیی پەنابردن بۆ ئەو بڕیارە، بێهیوابوون بوو لە حکوومەتەکانی عێراق دوای ساڵی 2003، کە تێیدا زیاتر لە 54 ماددەی دەستووریی پەیوەست بە مافەکانی گەلی کوردستانیان پێشێل کرد و پەراوێزیان خست.
هاوکات هاووڵاتییان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ریفراندۆم پەیامی شەڕ نەبوو، بەڵکو پەیامێکی ئاشتییانە، مەدەنی و برایانە بوو بۆ ئەوەی گەلی کورد وەک دراوسێیەکی باش لە تەنیشت عێراق و وڵاتانی ناوچەکە بە ئارامی بژی، و دەنگی 93%ی خەڵک وەک قەڵخان و چەکێکی سیاسی و مەعنەویی بەهێز لە دەستی گەلدا دەمێنێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نکۆڵیکاری و نادادپەروەری.
لە بەشێکی دیکەی یادکردنەوەکاندا، هاووڵاتییان سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن بۆ ئەو دەرفەتە مێژووییە و هەڵوێستە نەگۆڕەکەی لە رۆژانی ریفراندۆمدا کە بە جیهانی راگەیاندبوو: "لەوانەیە بتوانن رێگری لە سەربەخۆییمان بکەن، بەڵام مەحاڵە بتوانن ئیرادەمان لێ زەوت بکەن."
هاووڵاتییان لە ساڵیادی ئەوەدا داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن یەکڕیزیی نێوخۆیی بپارێزن و پەیامی یەکگرتووانەی رۆژی ریفراندۆم بکەنە بنەمای کارکردنیان، و بەڵێن دووپات دەکەنەوە کە هەتا گەیشتن بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە خەبات و ئومێد کۆڵ نادەن.




