سەرۆکی ئەمریکا، سەردانی سەرۆکی چینی بۆ واشنتن بە "یەکجار ئەرێنی و پڕ لە دەستکەوت"بۆ هەردوو وڵات وەسف کرد و ئاشکرای کرد، لە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا، دووبارە لەگەڵ شی جین پینگ کۆدەبێتەوە.
هەینی، 25ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، رایگەیاند: "سەردانەکەی شی جین پینگ، سەرۆکی چین بۆ واشنتن، زۆر ئەرێنی بوو بۆ هەردوو وڵات و دانوستان و وتوێژی زۆر باشمان ئەنجامدا.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، لە میانی کۆبوونەوە و دیدارەکانمان سەبارەت بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چین، پێشکەوتنێکی یەکجار گەورە و هەنگاوی مەزنمان لە پێناو بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات بە دەست هێنا.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس) نووسیویەتی: "سەرۆک شی و خاتوو پێنگ هەر ئێستا واشنتنیان جێهێشت و بەرەو چین بە رێ کەوتن، ئێمە کۆبوونەوەیەکی دۆستانە، بەهێز و سەرکەوتوومان بۆ هەردوو وڵاتی چین و ئەمریکا ئەنجامدا".
ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا وادەی دیدارەکانی داهاتوویانی ئاشکرا کرد و گوتی: "ئێمە لە مانگی تشرینی دووەم لە وڵاتی چین و، دواتریش لە مانگی کانوونی یەکەم لە میانی لووتکەی (G20) لە شاری مەیامی لە ویلایەتی فلۆریدا، دووبارە پێکەوە کۆدەبینەوە؛ لەم کۆبوونەوانەی ئەم چەند رۆژە دەستکەوتی زۆر گەورە بەدەستهاتوون و لە داهاتووشدا بەدەست دەهێنرێن، من بە پەرۆشەوە چاوەڕێی کۆبوونەوەی داهاتووم".
چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، شی جین پینگ، سەرۆکی چین، بەرەو ئەمریکا بە رێ کەوت و بۆ رۆژی دواتر گەیشتە ئەو وڵاتە و لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا.
شی جین پینگ لە ماوەی سەردانە سێ رۆژیییەکەی بۆ واشنتن، ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەبوو، هەروەها هەردوولا پرسی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان و پێناسی گومرگییان تاوتوێ کرد.
شی جین پینگ دوای سەردانە سێ رۆژییەکەی بۆ ئەمریکا، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا و گەڕایەوە و چین.




