سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی دوای هەڵبژاردنەکان ئامادەی دەستپێکردنەوەی دانوستان بوو لەگەڵ ئۆکراینا، بەڵام کیێڤ بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی دەنگدان و مۆسکۆ پرۆسەکەی پەکخست. هاوکات ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لە نیازی رووسیا بۆ جەنگ لەگەڵ ئەوروپا دەکەن و جەختی کردەوە سەرجەم پێشنیازەکانی ئاشتی لەسەر مێزن بە مەرجێک بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ بپارێزن.
هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە لێدوانێکدا سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانی دانوستان و هۆکاری بەردەوامیی گرژییەکان و رایگەیاند، مۆسکۆ نیازی هەبوو لە دوای هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ کیێڤ بکاتەوە، بەڵام ئۆکرانیا هەوڵی دا هێرش بکاتە سەر شاری مۆسکۆ و بنکەکانی دەنگدانی کردە ئامانج، ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد.
پووتین هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی سەرکردایەتیی ئۆکرانیا کرد و گوتی: "پێویستە کیێڤ باجی ئەو هێرشانە بچێژێت کە دەیکاتە سەر ژێرخانی رووسیا و وەڵامەکەمان بە روونی هەست پێبکات؛ دەبێت تێبگەن کە دەستپێشخەری بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و پەرەپێدانی شەڕ هیچ سوودێکی بۆ ئەوان نابێت."
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا، سەرۆکی رووسیا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە فراوانبوونی جەنگ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا دەکەن و جەختی کردەوە، رووسیا بە هیچ شێوەیەک خۆی بۆ شەڕکردن لە دژی ئەوروپا ئامادە ناکات؛ هیچ هۆکار، پاڵنەر و بنەمایەک بۆ کارێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە.
لە هەمان کاتدا پووتین رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا گرت و ئاماژەی بەوە کرد: "هەندێک بازنەی شەڕخواز لە نێو ئەوروپادا دەیانەوێت خەڵکی ئۆکرانیا وەک سووتەمەنیی جەنگ بەکاربهێنن، تەنیا لە پێناو ئەوەی رێگری لە گەشەکردن و بەهێزبوونی رووسیا بگرن."
سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ، سەرۆکی رووسیا دووپاتی کردەوە، سەرجەم دەستپێشخەری و پێشنیازەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە "لەسەر مێزی گفتوگۆن"، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ پێش هەموو شتێک بە وردی تاوتوێی ئەو خاڵانە دەکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانی و باڵاکانی رووسیا دەگەیەنن.
هاوکات بلوومبێرگ لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاو کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە بۆ دانوستان لەگەڵ پووتین سەردانی مۆسکۆ بکات، سەرباری ڕەتکردنەوەکانی پێشتری ئۆکرانیا.
زێلێنسکی لە میانی کۆبوونەوەکەیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازەکەی ڕەتکردووەتەوە، و کەسانی ئاگادار لە هەڵوێستەکەی ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو دڵگران بووە بەوەی ترەمپ ئەو بابەتەی ورووژاندووە.
هەر ئەمڕۆ هەینی، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند، کیریل دمیتریێڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی رووسیا، ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و زنجیرەیەک گفتوگۆی لەگەڵ دانوستانکارانی ئەمریکیدا ئەنجام داوە کە سەرنجی خستووەتە سەر ئاسۆی هاوکارییە ئابوورییەکان. لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی وادە و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکە لەبەردەستدا نییە.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، نێردەکەی رووسیا رۆژی 24ـی ئەیلوول لەگەڵ هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نوێنەرانی ئەمریکی کۆبووەتەوە.
پێشتریش ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەم کۆبوونەوەیە کردبوو و رایگەیاندبوو، دیدارەکە لەسەر "ئاستی تەکنیکی"دەبێت و ئەگەری زۆرە لە وڵاتی ئیمارات ساز بکرێت.




