انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان بڕیاری ریفراندۆم بە بڕیارێکی نەتەوەیی گەلی کوردستان ناودێر دەکەن

سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان بڕیاری ریفراندۆم بە بڕیارێکی نەتەوەیی گەلی کوردستان ناودێر دەکەن
سیاسی
کوردستان

لە ساڵیادی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا، سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی پێکهاتەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بڕیاری 25ـی ئەیلوول بڕیارێکی نەتەوەیی و گشتگیر بوو؛ کاتێک سەرجەم لایەنەکان لەگەڵ سەرۆک بارزانی بڕیاری ریفراندۆمیان دا و زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە "بەڵێ"دەنگیان پێدا. هاوکات لەم یادەدا داوا دەکرێت کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسیی ئێستای هەرێم بهێنرێت بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتە مێژووییە.

لە ساڵیادی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆییدا، ئەندامانی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم و سەرکردەی هێزە سیاسییەکان دووپاتی دەکەنەوە کە ئەو هەنگاوە دەرەنجامی کۆدەنگیی نیشتمانی بووە لە بەرامبەر پێشێلکارییە بەردەوامەکانی بەغدا لە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

لەم بارەیەوە، باپیر کامەلا، سکرتێری پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بەی گوت: هەموو لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی گشتی کۆبووینەوە و ئەو بڕیارەمان دا کە ریفراندۆم بکرێت. ئەوانەشی کە لە کۆبوونەوەکاندا ئامادە نەبوون، لە رۆژی دەنگداندا لەگەڵیدا بوون و لەبەردەم کامێراکاندا دەنگیان دا. کەواتە ئەوە بڕیارێکی گشتگیر و نەتەوەیی بوو کە گەلی کوردستان داویەتی، نەک تەنیا حزبێکی سیاسی.

پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی لایەنەکان بەشدارێکی سەرەکی بوون لە بڕیارەکە و دەنگدان بە بەڵێ. جەنان جەبار، سەرۆکی هاوپەیمانیی کریستیانەکان رایگەیاند، پێکهاتەکەیان ئێستاش شانازی بەو بڕیارە مێژووییەوە دەکەن و گوتی: "ریفراندۆم پەیامی هەموو گەلی کوردستان بوو بە کورد و سەرجەم پێکهاتەکانییەوە، بۆ ئەوەی خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بن، چونکە بەردەوام هەستیان بە غەدر و نادادپەروەری دەکرد لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە."

لە لایەکی دیکەوە، سەرکردە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری سەرەکیی ریفراندۆم، پێشێلکردنی دەستوور و یاساکان بوو لەلایەن بەغداوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان. بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان جەختی لەوە کردەوە: پرسی ریفراندۆم و خەونی سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون، تەنیا ئیرادەی لایەنە سیاسییەکان نییە، بەڵکو دەربڕینی راستەقینەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بوو بۆ دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی وەک هەر میللەتێکی تری جیهان.

بەرپرسان هۆشداری دەدەن کە دۆخی چەقبەستوویی ئێستای سیاسی لە هەرێمی کوردستان زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکان دەگەیەنێت، و پێویستە هێزە سیاسییەکان بە هەمان گیانی کۆدەنگیی رۆژانی ریفراندۆم، یەکڕیزیی نێوخۆیی بپارێزن و کێشەکان چارەسەر بکەن.

 
هۆشمەند سادق ,
المصدر: krd24.net — عبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة