بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی ماهانی ئێرانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەی راگەیاند، بڕیار بوو ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ هەولێر و فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی ئەنجام بدەن، بەڵام پێیان راگەیەندراوە کە رێگەپێدراو نین و گەشتەکانیان هەڵوەشێندراونەتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە فڕۆکەخانەکان کێشەیان لەگەڵ گەشتەکانیاندا نییە.
سەرسەنگ مەموندی، بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی ماهانی ئێرانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رایگەیاند: "بڕیار بوو ئەمڕۆ گەشتێکمان لە تارانەوە بۆ هەولێر و بە پێچەوانەشەوە لە هەولێرەوە بۆ تاران هەبێت، بەڵام شەو پێیان راگەیاندین کە رێگەپێدراو نییە."
مەموندی گوتیشی: "هەر بۆ ئەمڕۆ، گەشتی ئاسمانیی کۆمپانیاکەمان بۆ شاری سلێمانیش هەڵوەشایەوە."
دەربارەی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانیش، بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی ماهانی ئێرانی ئاشکرای کرد: "فڕۆکەخانەکان خۆیان کێشەیان لەگەڵ گەشتەکانماندا نییە، بەڵام کۆمپانیای دناتا (Dnata) و ژمارەیەک کۆمپانیای دیکە کارەکانیان لە فڕۆکەخانەکاندا ئەنجام نادەن."
کۆمپانیای ماهان هەفتانە 3 گەشتی چوونی و هاتنی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە؛ رۆژانی سێشەممە و هەینی بۆ هەولێر و بە پێچەوانەشەوە بۆ تاران، هاوکات رۆژانی هەینیش گەشتی بۆ سلێمانی و بە پێچەوانەشەوە بۆ تاران هەیە.
لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی و بەپەلەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەری وێستگەکان و هێڵە ئاسمانییەکان کراوە، هاتووە "پشتئەستوور بە رێنماییە فەرمییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیار درا بە راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان (هاتن و رۆیشتن) لە نێوان فڕۆکەخانەی نەجەف و کۆماری ئیسلامیی ئێران."
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بڕیارەکە لە کاتژمێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (25ـی ئەیلوولی 2026)ـەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت.




