بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشکرایکرد، سەرەڕای بەردەوامیی جەنگی نێوان واشنتن و تاران، چوارشەممە نزیکەی 60 کەشتیی بازرگانی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون گەورەترین بڕی رۆژانەی نەوتی خاویان لە دوای سەرەتای مانگی تەممووزەوە گواستووەتەوە.
هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز روونیکردەوە، نزیکەی 40 لەو کەشتییانە بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی پێویست راستەوخۆ هەماهەنگییان لەگەڵ سوپای ئەمریکادا کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە رێگەی ئەم هاتوچۆیەوە، کۆی گشتی نزیکەی 22 ملیۆن بەرمیل نەوت لەو رێڕەوە ئاوییە هەستیارەوە گوازراوەتەوە و هەناردە کراوە.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) چوارشەممە رایگەیاندبوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی توندی گەمارۆی ناسراو بە "دیواری پۆڵایین"بەسەر ئێراندا لە دوای دەستپێکردنەوەی لە 14ـی تەممووزی رابردووەوە، رێڕەوی 115 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە.
کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، رێڕەوی تێپەڕبوونی نزیکەی پێنجیەکی نەوتی بازاڕەکانی جیهانە، بووەتە گرنگترین خاڵی ناکۆکی لە نێوان هەردوولادا لە دانوستانەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران. لەگەڵ تووشبوونی دانوستانە دیپلۆماسییەکان بە بنبەست بۆ کردنەوەی بێبەربەستی ئەو گەرووە ئاوییە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە پەنای بۆ گوشاری ئابووریی چڕ لە رێگەی سەپاندنی سزاکان و سەپاندنی گەمارۆی توند بەسەر تاراندا بردووەتەوە.




