انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە کەرکووک کێشەی بۆ دروست بووە

پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە کەرکووک کێشەی بۆ دروست بووە
گشتی
کوردستان دابەشکردنی زەوی لەکەرکووک

پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە کەرکووک بەهۆی بەربەستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە رووبەڕووی گرفتی جددی بووەتەوە و ئەگەری هەڵوەشانەوەی بڕیارەکە هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەزاران هاووڵاتی لە وەرگرتنی زەوی بێبەش بن.

ئەحمەد عومەر زەنگەنە، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی کەرکووک بەـی راگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دابەشکردنی زەوی، زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەوییان بۆ دابەشکردن بەسەر هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەت ئامادەکردووە.

ئەحمەد عومەر روونیکردەوە، سەرەڕای ئەوەی کێشەی زەوییەکان لە سنووری ماددەی 140 چارەسەربووە، بەڵام پرۆسەکە لەبەردەم مەترسی هەڵوەشانەوەدایە، سەبارەت بە هۆکارەکانی بەربەستکردنی پرۆسەکە، گوتیشی "لایەنە تورکمان و عەرەبەکان ئامادە نین زەوییەکانیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکەن".

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، تەنیا کورد ئامادەیی خۆی بۆ دابەشکردنی زەوی دەربڕیوە، ئەم دۆخەش نەک هەر کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو قوڵتری دەکاتەوە، چونکە زەوییەکان دەکەونە سنووری ناوچە کوردنشین، تورکماننشین و عەرەبنشینەکانەوە.

ئەو بەرپرسەی شارەوانی کەرکووک جەختیکردەوە، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بە سیاسی کراوە و پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە، لەکاتێکدا شارەوانی هەموو ئامادەکارییەکی تەواوکردووە و نەخشەی کەرتی زەوییەکانیش ئامادەن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی، ئەو زەوییانەی پێشنیارکراون دەکەونە سنووری یاروەلی، چۆپلیجە، حەویجە، ریاز، رەشاد، زاب، شەریفییە، پردێ، شوان، دوبز، داقووق و قەرەهەنجیر.

بە بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارە ملیۆنێک پارچە زەوی لەسەرتاسەری عێراق بەسەر هاووڵاتییان و فەرمانبەران دابەش بکرێت، کە پشکی کەرکووک و دەوروبەری لەم پرۆسەیەدا 50 هەزار پارچە زەوییە.

بەپێی رێنماییەکان، ئەو کەسانەی خاوەنی خانوون یان پێشتر لە وەرگرتنی زەوی لەلایەن حکوومەتەوە سوودمەند بوون، مافی وەرگرتنی زەوییان نابێت.

 
سەردار حەسەن ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة