انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

قەرزی جیهانی 365 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاند

قەرزی جیهانی 365 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاند
ئابووری
جیهان قەرزی گشتیی جیهانی

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، پەیمانگەی دارایی نێودەوڵەتی رایگەیاند، قەرزە گشتییەکانی جیهان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 10 تریلیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی کە 365 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە. بەرزبوونەوەی ئەم بڕە قەرزە، بەشێکی زۆری بۆ بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان دەگەڕێتەوە.

پەیمانگەکە لە نوێترین راپۆرتیدا بە ناونیشانی "چاودێریکردنی قەرزە جیهانییەکان"روونیکردەوە، قەرزەکانی بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان 6.5 تریلیۆن دۆلار زیادی کردووە و بۆ زیاتر لە 110 تریلیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، کە لەم نێوەندەدا چین سەرکردایەتیی بەرزبوونەوەکەی کردووە، هاوکات لە ئابوورییە پێشکەوتووەکاندا، خێرایی کۆبوونەوەی قەرزەکان بە شێوەیەکی بەرچاو خاو بووەتەوە.

کۆی بەرزبوونەوەی قەرزەکان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵەدا کەمتر بووە لەو بڕەی لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا تۆمار کرابوو، کە 21 تریلیۆن دۆلار بوو، بەرزبوونەوەی رێژەی سوود، زیادبوونی تێچووی خزمەتگوزاریی قەرزەکان، بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە و ململانێکان لەگەڵ ئێران، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر پرۆسەی قەرزکردن دروستکردووە.

حکوومەتەکان و کۆمپانیا نائابوورییەکان زۆرینەی ئەم زیادبوونەیان بەرکەوتووە و هەردوو کەرتەکە ئاستی پێوانەیی نوێیان تۆمار کردووە.

قەرزە جیهانییەکان گەیشتووەتە نزیکەی 310%ـی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی، ئەم رێژەیەش نزیکەی 25 خاڵی سەدی کەمترە لەو لووتکەیەی لە سەرەتای ساڵی 2021 تۆمار کرابوو، پەیمانگەی دارایی نێودەوڵەتی روونیکردەوە، ئەم کەمبوونەوەیە زیاتر رەنگدانەوەی کاریگەریی هەڵاوسانە لە بەرزکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی گشتیی، نەک کەمبوونەوەیەکی راستەقینە لە ئاستی قەرزەکاندا.

ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە داهاتی قەرزەکانی گەنجینەی ئەمریکا بۆ بەرزترین ئاستی چەند ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە، ئەم دۆخە بووەتە هۆی بەرزبوونی تێچووی دارایی بۆ حکوومەتەکان لە کاتی دووبارە قەرزکردنەوەدا.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة