انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

حزبی دەعوە: رێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەکانی ئێران نادەستوورییە

حزبی دەعوە: رێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەکانی ئێران نادەستوورییە
سیاسی
جیهان ئێران وعێراق دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق فڕۆکەی ئێرانی

حزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دژایەتیی خۆی بۆ بڕیاری پێشوازی نەکردن لە فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی ئێران لە فڕۆکەخانەکانی عێراق دەربڕی و بڕیارەکەی بە بێبنەمای دەستووری و یاسایی ناوبرد، هاوکات هۆشداری دا لەوەی ملدان بە فشارە دەرەکییەکان دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی نیشتمانی.

پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، حزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق، لە راگەیەندراوەکەیدا جەختیکردەوە، دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر فڕۆکەخانەکانیدا بابەتێکی سەروەرییە و نابێت لەژێر فشار و دەستێوەردانی هێزە زلهێز و زۆردارەکاندا بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵکو پەیوەندییە فڕۆکەوانییەکان دەبێت لە روانگەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراقەوە رێکبخرێن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، قەدەغەکردنی گەشتی فڕۆکە ئێرانییەکان پێچەوانەی بنەماکانی سەروەری، بەرژەوەندیی باڵای عێراقییەکان و پرەنسیپی دراوسێیەتیی باشە، هاوکات ناکۆکە لەگەڵ یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی ژمارە (148)ی ساڵی 1974 و یاسای فڕۆکەوانیی نێودەوڵەتی، بەتایبەت پەیماننامەی شیکاگۆی ساڵی 1944 کە سەرجەم ئەندامانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی (ئیکاو - ICAO) پێوەی پابەندن.

حزبی دەعوە لە درێژەی بەیاننامەکەیدا داوای لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و حکوومەتی عێراق کرد بە پەلە چارەسەری ئەم پرسە بکەن بە جۆرێک کە سەروەری و بەرژەوەندییەکانی وڵات پارێزراو بێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە لێکەوتەکانی ئەم رێکارە تەنیا سیاسی نین، بەڵکو زیانی کۆمەڵایەتی و ئایینیی لێدەکەوێتەوە و سزادانی هاووڵاتیانی مەدەنی و ئەو موسڵمانانەیە کە بۆ مەبەستی گەشتیاریی ئایینی و سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان روو لە عێراق دەکەن.

 
کاروان شوانی ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة