وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، بەرزاییەکانی جۆلان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئیسرائیل و لەژێر سەروەریی تەواوی دەوڵەتی ئیسرائیلدایە.
چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، یسرائیل کاتز،وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە لێدوانێکدا هۆشداریی دایە دیمەشق و گوتی: هەر ناوچەیەک لەژێر دەسەڵاتەکەدا بێت، بۆ هەمیشە لەژێر کۆنترۆڵەکەدا دەمێنێتەوە، جەختیشیکردەوە، سوپای وڵاتەکەی نە لە چیای شێخ (حەرموون) و نە لە ناوچەی ئەمنیی ناو سووریا پاشەکشە ناکات.
ئەم لێدوانەی کاتز راستەوخۆ دوای وتارەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا هات لە بەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، تێیدا جەختی لەوە کردبووەوە، جۆلان بە خاکی سووریا دەمێنێتەوە و وڵاتەکەی دەستبەرداری ماف و سەروەریی خۆی نابێت.
شەرع لە وتارەکەیدا گوتی: هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی هەژموونی هیچ وڵاتێک ناتوانێت دەستکاریی شەرعییەتی دەوڵەتەکە و سەروەریی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکات، جەختیشی کردەوە، جۆلان بە خاکی سووریا دەمێنێتەوە، رایگەیاند، سەرجەم رێکارەکانی لکاندنی ئەو ناوچەیە بەپێی بڕیاری ژمارە 497ـی ساڵی 1981ـی ئەنجوومەنی ئاسایش پووچەڵ و بێبایەخن.
هاوکات سەرۆکی سووریا لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد، ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشڕەوی و هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر خاکی سووریا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردبوو گوشار دروست بکەن بۆ کشانەوەی ئیسرائیل لە سەرجەم خاکە داگیرکراوەکانی سووریا.




