انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ئەڵمانیا: نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم

ئەڵمانیا: نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم
سیاسی
جیهان وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران جەنگی ئێران و ئەمریکا

 وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە توندی دژی دەستگەیشتنی ئێرانە بە چەکی ئەتۆمی، هاوکات جەختی لە پێویستیی پاراستنی ئازادیی کەشتیوانیی دەریایی کردەوە هەر نائارامییەک تێیدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر زنجیرەی دابینکردنی جیهانی لە کەنداوەوە تا ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا دروست دەکات.

چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، یۆهان فادفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی کارەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامادەیی بەرلینی دەربڕی بۆ چوونە نێو دیالۆگێکی دیپلۆماسی، ئەوەش لە وەڵامی خواستی تاراندا بۆ هێورکردنەوە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

سەبارەت بە پرسی فەلەستین و ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، کۆدەنگییەکی ئەوروپی هەیە بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری دوو دەوڵەت لە رێگەی دانوستانەوە، هۆشداریشی دا لە هەر هەنگاوێکی تاکلایەنە ببێتە هۆی لەباربردنی ئەم رێڕەوە. هەروەها جارێکی دیکە رەتکردنەوەی بنبڕی وڵاتەکەی بۆ پڕۆژەی نیشتەجێکردنی ئیسرائیلی ناسراو بە (E1) راگەیاند و داوای کرد ئێستا لێدوان و رکابەری ئاشکراکان هێور بکرێنەوە، تاوەکو دەستبەجێ دوای سەقامگیربوونی دۆخی سیاسی و هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل، هەوڵە دیپلۆماسییەکان و پێشنیازە کردەییەکان دەستپێبکەنەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە هەڵکشانی پێگەی پارتی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD)، فادفول دووپاتیکردەوە، زۆرینەی گەلی ئەڵمانیا و حکوومەتی فیدراڵی پابەندن بە سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان و کاری فرەلایەنە، رایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنە خۆجێییەکان نابێتە هۆی گۆڕینی بنەما نەگۆڕەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا.

 
کاروان شوانی ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة