انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ویتکۆف: هیوادارین دانوستانەکان لەگەڵ شاندی ئێران بنیاتنەر و ئومێدبەخش بن

ویتکۆف: هیوادارین دانوستانەکان لەگەڵ شاندی ئێران بنیاتنەر و ئومێدبەخش بن
سیاسی
جیهان نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران

نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگەیاند، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نێوەندگیری گفتوگۆیەکی درێژخایەنیان لەگەڵ شاندی ئێران کردووە. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کۆتاییهاتنی ئەو خولەی گفتوگۆکانی بە سەرکەوتوویی وەسفکرد و هیوای خواست رەوتی دانوستانەکان بونیادنەر و ئومێدبەخش بن.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ئێرانی راگەیاند، تاران لە نیویۆرک لە رێگەی نێوەندگیرێکی قەتەرییەوە لەگەڵ ئەمریکا قسەی کردووە. لەو گفتوگۆیانەدا تاران چەند مەرجێکی خستووەتە روو، لەوانە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، راگرتنی ئەو کردانەی واشنتن بە دوژمنکارانە ناوی دەبات، هەروەها کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی، شەڕی ئابووری و ئازادکردنی سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران.

سەرچاوەیەکی ئەمریکی کە بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە، بە میدیاکانی راگەیاند، دەرفەتی گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان هەردوو لا سنووردارە. ئەو سەرچاوەیە جەختیکردەوە، ناکۆکی و ئاستەنگی گەورە لە نێوان هەردوو لا ماونەتەوە و واشنتن داوای تارانی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان رەتکردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی باڵای دیکە روونیکردەوە، کۆبوونەوەکەی نیویۆرک جموجۆڵی خستووەتە نێو دانوستانەکان و ئەگەری پێشکەوتن هەیە، بەڵام پێویستی بە هەنگاوی فرەلایەنە هەیە. ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکرد، راوێژەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بنەمای کردنەوەی گەرووی هورمز و کەمکردنەوەی گەمارۆکانە، هەروەها شاندی ئێران کە لەگەڵ ویتکۆف و کوشنەر کۆبوونەتەوە، دووپاتیانکردووەتەوە دەسەڵاتی تەواویان هەیە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سێشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، گفتوگۆی زۆر بەرهەمدار لە نێوان بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا کراوە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکە نزیکەی 3 کاتژمێری خایاندووە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا گفتوگۆی دیکە بکرێت. ئەو راگەیاندنەی ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا بوو لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، کە تێیدا ویتکۆف گەشبینیی خۆی سەبارەت بە ئەنجامی گفتوگۆکان دەربڕی و جارید کوشنەریش لە هۆڵەکەدا ئامادە بوو.

سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، ئەمریکا و ئێران لە گەیشتن بە سازان نزیک دەبنەوە. ترەمپ لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە نیویۆرک گوتی، لایەنی ئێرانی ئارەزووی گفتوگۆی هەیە و پەیوەندییەکان پەرە دەسێنن، بەڵام جەختیکردەوە واشنتن رێگە بە تاران نادات خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت.

لێدوانەکانی ترەمپ چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە لە وتارێکدا لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان هەڕەشەی قڕکردنی ئێرانی کرد ئەگەر رێککەوتن نەکرێت. سێشەممە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو، بیر لە هەڵبژاردنی رێگەی رێککەوتن یان لەناوبردنی کۆماری ئیسلامیی دەکاتەوە. ئەو بەرپرسە لە وتارەکەیدا پارێزگاری لەو جەنگە کرد کە لە نزیکەی حەوت مانگی رابردوودا دژی ئێران دەستی پێکردووە و رایگەیاند، بڕیارێکی چارەنووسساز لەبەردەستدایە سەبارەت بەوەی ئایا رێککەوتنێک دەکرێت کە رێگە بە ئاوەدانکردنەوەی ئێران بدات، یان کۆماری ئیسلامیی بەبێ هیچ ئومێدێک لەناوببرێت.

ترەمپ پێیوایە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی نۆڤەمبەردا ئەگەرێکی کراوەیە. جێگەی ئاماژەیە ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی شوباتەوە دژی ئێران دەستیان پێکردووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و داخستنی گەرووی هورمز، لە ناوخۆی ئەمریکادا ناوبانگێکی کەمی هەیە.

 
لاڤین عومەر ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة