لە پەراوێزی 81ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەوڵەکانی هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی لە نیویۆرک چاوی بە ئەحمەد شەرع کەوتووە.
لە دیدارەکەدا، هەردوولا پێداچوونەوەیان بە دۆخی گشتیی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا کرد و گفتوگۆیان لەبارەی رێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق لە بوارە جیاوازەکاندا ئەنجامدا، بە جۆرێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتدا بێتەوە.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری سووریا سەرنجیان خستە سەر ئەو هەوڵانەی کە لە پێناو هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و کەمکردنەوەی ئاستی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا دەدرێن، و جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگییەکان کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری.




