انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ئاژانسی تەسنیم: بەغدا و مەسقەت دەرگا بە رووی فڕۆکەکانی ئێراندا دادەخەن

ئاژانسی تەسنیم: بەغدا و مەسقەت دەرگا بە رووی فڕۆکەکانی ئێراندا دادەخەن
گشتی
ئێران فڕۆکەی ئێرانی فڕۆکەخانەکانی عێراق فڕۆکەخانەکانی عومان

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی ئاشکرای کرد، لە ئەمشەوەوە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە عێراق و مەسقەت لە عومان، بە فەرمی پێشوازیکردن لە هەر گەشتێکی ئاسمانی کە لە ئێرانەوە سەرچاوەی گرتبێت رادەگرن.

سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاوی کردەوە، لە ئەمشەوەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە عێراق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەسقەت لە عومان، پێشوازی لە هیچ گەشتێکی ئاسمانی ناکەن کە لە ئێرانەوە ئەنجام بدرێت.

ئاژانسەکە ئەوەی ئاشکرا کرد، لە کاردانەوەی ئەم بڕیارەدا، سەرجەم گەشتە ئاسمانییە بەرنامەڕێژکراوەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی تاران بەرەو هەردوو پایتەختی عێراق و عومان بە تەواوەتی هەڵوەشێنراونەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرچاوەیەکی بەرپرس و باڵا لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەـیان راگەیاندبوو، بەهۆی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیاکانی گەشتی ئاسمانیی ئێران، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڕیاری داوە لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە رێگە بە ئەنجامدانی گەشتی هیچ فڕۆکەیەکی ئێرانی نەدات. 

ئەم هەڵوێستەی بەغدا دوای لێدوانەکانی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دێت لە کەناڵی "سی ئێن بی سی"، کە تێیدا ئاشکرای کردبوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی گوشارە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر تاران، لە رۆژی 23ـی ئەیلوولەوە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا لە کارکردن دەخات.

بێسێنت هۆشداریی دابوو کە لە ئەگەری نیشتنەوەی هەر فڕۆکەیەکی ئێرانیدا، نابێت هیچ فڕۆکەخانەیەک سووتەمەنی و خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان بۆ دابین بکات یان تکتی گەشتیان پێ بفرۆشێت، چونکە هەر لایەنێک ئەو کارە بکات دەستبەجێ لە سیستەمی دارایی دۆلاری ئەمریکی بێبەش دەکرێت و سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت.

 
 
 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة