انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

ترەمپ: تەنانەت ئەمڕۆش لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆ دابووین

ترەمپ: تەنانەت ئەمڕۆش لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆ دابووین
سیاسی
جیهان

سەرۆکی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە نیویۆرک، ئاشکرای کرد، پێشبینی دەکات لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتن و ئاماژەی بەوە کرد تەنانەت ئەمڕۆش لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدا بوون. هاوکات ترەمپ پەیوەندییەکانی لەگەڵ لەندەن بە زۆر بەهێز وەسف کرد، بەڵام دژایەتیی توندی خۆی بۆ بڕیاری بەریتانیا لەبارەی رادەستکردنی دوورگەکانی چاگۆس دەربڕی و بە کارەسات ناوی برد.

سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرنجی خستە سەر دۆسیەی ئێران و بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: پێموایە لەگەڵ ئێران دەگەینە رێککەوتن؛ ئەوان تەنانەت ئەمڕۆش لەگەڵماندا قسەیان کردووە و دەتوانم بڵێم پەیوەندییەکانمان بەرەوپێش دەچن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێککەوتنی بەریتانیا بۆ رادەستکردنی دوورگەکانی چاگۆس بە مۆریس، سەرۆکی ئەمریکا دژایەتیی تەواوی خۆی دەربڕی و گوتی: من بە هیچ جۆرێک پشتیوانی لەو رێککەوتنە ناکەم و پێموایە کارەساتە؛ دوای دەیان ساڵ و سەدە لەناکاو بڵێن کەسێکی دیکە خاوەندارییەتی دەکات پێشتر هەر نەبووە، ئەمە بڕیارێکی پێکەنیناوییە. ئێمە باسی ئەو بابەتەمان کردووە و ئەو دوورگانە لە رووی ستراتیژییەوە زۆر گرنگن.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و لەندەن سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەکانیان، ترەمپ رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوانیان زۆر بەهێزە و روو لە هەڵکشانە و گوتی: پەیوەندییەکانمان زۆر لەوە بەرزترن کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشوو هەمانبوو. من پێموایە بێرنهام پیاوێکی بازرگانیی سروشتییە و تێدەگات کە دەبێت چی بکات؛ پێشموایە دەبێتە سەرۆکوەزیرانێکی زۆر مەزن و ئێمەش بۆ هەمیشە بە تەواوی لەگەڵتین.

لە بەرامبەردا، ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ سازدانی ئەو کۆبوونەوەیە و رایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ گفتوگۆیان لەبارەی دۆسیەی بازرگانی و پرسی دوورگەکانی فۆکلاند کردووە و سوپاسی کرد کە بە باشی گوێی لێگرتوون.

سەبارەت بە بڕیارەکەی بەریتانیاش بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی نیشتەجێکردنی ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوا، کاتێک ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد زانیاریی لەسەر ئەو بڕیارە نییە، بێرنهام روونکردنەوەی دا و گوتی، ئەو و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەو بڕیارەیان داوە و پێشوەختەش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ترەمپیان لە هۆکاری گرتنەبەری ئەو هەنگاوە ئاگادار کردووەتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەدا، دۆناڵد ترەمپ ستایشی خەڵک و دەوڵەتی بەریتانیای کرد و رایگەیاند: لە بەریتانیادا نیشتمانپەروەرییەکی مەزن هەیە و خەڵکەکەی بە قووڵی وڵاتەکەیان خۆشدەوێت؛ بەریتانیا خاوەنی توانایەکی لەڕادەبەدەر گەورەیە بۆ گەشەکردن. هاوکات رەخنەی لە رووماڵی بەشێک لە میدیاکانیش گرت و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە تۆمەتباری کردن.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة