شای ئوردن رایگەیاند:ەکانی ئێستای غەززە و کەناری رۆژئاوا هەوڵێکی روون و ئاشکران بۆ سڕینەوەی بوونی گەلی فەڵەستین و مەحاڵکردنی دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان، هاوکات رەخنەی توندی لە بێدەنگی و ناکارامەییی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل گرت.
سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن، لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکیدا لە بەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لەوە کرد، ئەوەی ئەمڕۆ لە کەرتی غەززە روودەدات، هەوڵێکی راستەوخۆیە بۆ سڕینەوەی بوونی فەڵەستینییەکان.
شای ئوردن ئاماژەی بەوە کرد، دەرکردنی فەڵەستینییەکان لە ماڵ و حاڵی خۆیان لە کەناری رۆژئاوا بە هەموو پێوەرێک بریتییە لە "کۆچپێکردنی زۆرەملێ"و، دەستدرێژیکارانی کەناری رۆژئاواش تەنیا کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕ نین، بەڵکوو جێبەجێکاری سیاسەتێکی دارێژراون بە مەبەستی دەرکردنی هاووڵاتییانی فەڵەستینی لەسەر خاکی خۆیان.
شا عەبدوڵڵا روونی کردەوە، پرۆسەی سڕینەوەی بوونی فەڵەستینییەکان لە رێگەی دوو هێڵی هاوتەریبەوە دەکرێت؛ وێرانکردنی کەرتی غەززە و لکاندنی کردەییی خاکەکانی کەناری ڕۆژئاوا، کە ئامانجی کۆتایی لێی مەحاڵکردنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینییە.
گوتیشی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بری رووبەڕووبوونەوەی راستەقینە، تەنیا بەڕێوەبردنی ململانێکەی هەڵبژاردووە و بەردەوام وەک بابەتێکی کاتی مامەڵەی لەگەڵ پێشێلکارییە نوێکانی ئیسرائیلدا کردووە؛ هەر بۆیە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان کاتێک دێنە سەر دۆسیەی ئیسرائیل، وەک مەرەکەبی سەر کاغەز دەمێننەوە.
شای ئوردن جەختیشی کردەوە، کە جیهان چەندین بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ ناچارکردنی ئیسرائیل، بەڵام ئامادە نییە بەکاریان بهێنێت.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا و سەبارەت بە مەلەفی ئێران، شا عەبدوڵڵای دووەم ئاماژەی بەوە کرد، جەنگی پەیوەست بە ئێران دەریخست چۆن لێکەوتەکانی قەیرانی وزە و خۆراک سنوورەکان دەبەزێنن و کاریگەری لەسەر خەڵک لە دەرەوەی ناوچەکەش دروست دەکەن.
شا عەبدوڵڵای دووەم دووپاتی کردەوە، پەرەسەندنی ململانێکان لە لوبنان، یەمەن و سوودان نەهامەتییە مرۆییەکان قووڵتر دەکاتەوە و، هۆشدارییەکی توندیشی سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی دا و رایگەیاند: "هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر سنوورەکانی باکووری ئوردن یان ئاسایشی ئاویی وڵاتەکەمان، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان و هەرگیز چاوپۆشی لێ ناکەین."




