انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

سیپان شێروانی: ژمارەیەک پێشنیازمان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین دایە حکوومەتی عێراق

سیپان شێروانی: ژمارەیەک پێشنیازمان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین دایە حکوومەتی عێراق
سیاسی
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق
کوردستان حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی بەنزین

 لیژنەی تایبەت بە پرسی سووتەمەنی لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و چەندین پێشنیازیان ئامادە کردووە کە تیایدا داوا دەکەن نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراقی لێ بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، لیژنە کاتییەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی و وەڵامدانەوەی پێشنیازەکانی وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە بەغدا کۆبووەوە.

سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ شڤان جەباری، پەیامنێری، رایگەیاند، کۆبوونەوەی لیژنەکە تەواو بووە و دەرهاوێشتە و پێشنیازەکانیان ئامادە کردوون، بڕیارە سبەی چوارشەممە، 23ـی ئەیلوول، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بیخەنەڕوو. 

گوتیشی، "بە گوێرەی ئەو راسپاردانەی ئاراستەی حکوومەت دەکرێن، دەبێت مامەڵەی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە بێت یان پشکی دابینکردنی بەنزین لە داهاتی نەوتی خاو دیاری بکرێت."

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، هەموو پێشنیازەکان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانن. روونیشی کردەوە، یان دەبێت کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بەنزین و سووتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات بە هەمان پێوەر و نرخی پارێزگاکانی دیکە (بەرانبەر ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە)، یانیش ئەگەر نەوتی خاو بۆ هەرێم زیاد کرا، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و پاڵاوتن لە ئەستۆ بگرێت تاوەکوو بەنزین بە هەمان نرخی ناوچەکانی دیکە بگاتە هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سیپان شێروانی ئاماژەی بەوە دا، "لە هەردوو حاڵەتەکەدا، چ بەرهەمی پاڵاوتە دابین بکرێت چ نەوتی خاو، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق بە شێوازێک دابینی بکات کە نرخەکەی هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق بێت."هەروەها جەختی کردەوە، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمیش پابەند دەبێت بە دابەشکردنی سووتەمەنی بە هەمان نرخی پارێزگاکانی عێراق.

ماوەی چەندین ساڵە نرخی بەنزین و سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق جیاوازییەکی زۆری هەیە. حکوومەتی فیدراڵیی عێراق پاڵپشتییەکی گەورەی دارایی بۆ کەرتی سووتەمەنی تەرخان دەکات، کە وا دەکات نرخی بەنزین لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە زۆر کەمتر بێت؛ بەڵام ئەم پاڵپشتییە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و بارگرانییەکی گەورە لەسەر شانی هاووڵاتییان.

 
شڤان جەباری ,
المصدر: krd24.netعبر: كوردستان 24

أخبار ذات صلة